بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و چاوەرێ دەکرێت پرسی رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت و باس لە دواین رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشیش بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ـی ئابی ٢٠٢٥، چاوگێکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند کاتژمێر ١ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
وتیشی، کۆبونەوەکە بەهۆی پشووەکانی یادی ئیمام حوسێنەوە کۆبونەوەکە بۆ
ئەمڕۆ پێشخراوە، بەپێی زانیارییەکان راپۆرتی هەردوو وەزارەتی نەوت و دارایی تایبەت بە
جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەرێم تەواونەکراوە بەو جۆرەی کە هەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران
رایسپاردن، کە بڕیاربوو رێککەوتنی هەناردەی نەوت و داهاتی نانەوتی نێوان هەرێم و بەغدا
یەکلایی بکرێتەوە و بکرێتە رەشنوسێک تا ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بکات.
هەر لەبەرئەمەش تا ئێستا پرسەکە نەخراوەتە ناو بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی
ئەنجومەنی وەزیران.
چاوگێک بە ئێن ئارتی راگەیاند ئەگەری هەیە وەک پاشکۆیەک بۆ دانیشتنەکە
زیادبکرێت، ئەوکات بەهۆی پابەندنەبونی هەرێمیشەوە ئەنجومەنی وەزیران لەبەردەم دوو
بژاردەدایە یان ئەوەیە مووچەی مانگی شەش خەرجبکرێت بە مەرجی ئەوەی ئەم هەفتەیە نەوت
رادەستبکرێت و ١٢٠ملیارەکەش رادەستی بەغدا بکرێت، یان هەفتەیەک یان ١٠ رۆژی دیکە دەرفەت
بدرێتەوە لیژنەکان تا رێککەوتن لەسەر رادەستکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی بکرێت.
سەبارەت بە نەوت تا ئێستا حکومەتی ماوەبەسەرچوو دوای سێ هەفتە لە رێککەوتنەکە
نەوتی رادەستی بەغدا نەکردووە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیە بڕی ٨٠ هەزار بەرمیلیش
بێت وەریبگرێت بەڵام بەپێی زانیاریەکان حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەڕێگای کۆمپانیاکانەوە
جارێکی دیکە گرفتی دروستکردووە و کۆمپانیاکان داوای رێککەوتنی نوسراو و گەرەنتی دەکەن.
مایەڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم، بە ئێن
ئار تی راگەیاند، ئەوان ئامادەن بۆ هەناردەی نەوت بەڵام رێککەوتنی نوسراویان دەوێت.
هاوکات، هەرێم هێشتا لەسەر رادەستکردنی داهاتی نانەوتیش بە بەغدا رێککەوتنی
نەکردووە، جگە لەوەی ئامادە نیە تا ئێستا ١٢٠ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆی مانگی شەش رادەست بکات ، داوای لە بەغداش کردووە گۆڕانکاری لەڕێککەوتنەکە بکرێت و بڕی داهاتی
ناوخۆی لەسەر کەمبکرێتەوە بۆ کەمتر لە ٧٠ ملیار دینار لەکاتێکدا بەرپرسانی هەرێم خۆیان
دەڵێن داهاتی ناوخۆ سەروو ٣٥٠ملیار دیناری مانگانەیە.
ناوەراستی مانگی رابردوو هەرێم و بەغدا رێککەوتنیان کرد، بەپێی رێککەوتنەکە
هەرێم دەبوو ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆ رادەستبکات،
لەبەرامبەردا بەغداش مووچە و بودجە بنێرێت بەڵام تا ئێستا حکومەتی ماوەبەسەرچوو پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە.