چلەی هاوین کۆتایی هات و هێشتا زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێم بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و نەوەی نوێش لەبری حکومەتە ماوەبەسەرچووەکە، بەردەوامە لە دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکە بێئاوەکان و ئەمڕۆش ئاو بەسەر چەند گەڕەکێکی سلێمانیدا دابەش کرا. بەشێک لە هاوڵاتییانیش دەڵێن، "شاسوار عەبدولواحید، لە زیندانیشەوە خەمی میلەتەکەیەتی".
ئەمڕۆ شەممە ٣٠ـی ئابی ٢٠٢٥، بەهۆی گرفتی بێئاوی لە بەشێکی گەڕەکەکانی سلێمانی، تیمی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارانی لەبری حکومەتی ماوەبەسەرچوو سەرقاڵی دابەشکردنی ئاوە بەسەر هاوڵاتییاندا.
هاوکات بەشێک لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانەش بە ئێن ئاڕ تییان وت، چەندین ساڵە گرفتی کەمئاویان هەیە و حکومەتی ماوەبەسەرچوو تاوەکو ئێستا بەدەم کێشەکانیانەوە نەچووە، بۆیە بە ناچاری مانگانە سێ بۆ چوار تانکەر ئاو دەکڕن.
باسیان لەوەش کرد، دەستخۆشی لە تیمی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارانی دەکەن کە هەستاون بە دابەشکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانیان و ئەو خزمەتگوزاریەی نەوەی نوێ دەیکات هیچ لایەنێک پێی ناکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای هاتنی وەرزی گەرما و سەرهەڵدانی گرفتی کەمئاوییەوە، نەوەی نوێ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێم لە بری حکومەتی ماوەبەسەرچوو سەرقاڵی دابەشکردن و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن، بەڵام چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییەوە رێگرییان لێ کراوە.