سەردێڕ:

کۆمسیۆن لیژنەیەك بۆ چاودێریی هەڵمەتی پێشوەختەی هەڵبژاردن پێكدەهێنێت

PM:11:42:21/08/2025

1716 جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ چاودێریكردنی هەڵواسینی پۆستەر و وێنەی ئەو كاندیدانەی كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆیان کاندید کردووە و بەر لەوادەی خۆی دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشە كردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ـی ئابی ٢٠٢٥، نیبراس ئەبو سودە، یاردەدەری وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی، بڵاوكردنەوەی پۆستەر و وێنەی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەر لەوادەی فەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بە سەرپێچیكردنی یاسا ئەژمار دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، كۆمسیۆن لیژنەیەكی تایبەتی بۆ هەڵواسینی پۆستەر و وێنەی كاندیدەكان دروستكردووە و راپۆرتی خۆی بەرز دەكاتەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران.

دووپاتیشیكردەوە، هەموو جۆرە حاڵەتێكی بانگەشەی پێشوەختە بە سەرپێچی یاساو رێنماییەكان دادەنرێت و پێویستە كاندیدەكان پابەندی پێورەكانی هەڵبژاردن بن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەوچوارچێوەیەشدا ئەو کاندیدانە دووردەخاتەوە ئەو مەرجانەیان تێدا نییە، کە کۆمسیۆن بۆ خۆکاندیدکردن دایناون.













گەلەری