PM:07:56:07/08/2025
1588 جار خوێندراوەتەوە
گرفتی کەمئاوی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی هەیە و نەوەی نوێش بەردەوامە لە دابەشکردنی ئاو بەسەر هاوڵاتییاندا و ئەمڕۆش ئاو بەسەر چەند گەڕەکێکی سلێمانیدا دابەش کرا و پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێش وتی، سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانەی کە پارتی و یەکێتی دروستییانکردووە لە بێ مووچەی لە گرانی نرخی کارەبا، قەیرانی بێئاویش بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ هاوڵاتییان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ـی ئابی ٢٠٢٥، خۆشی فەرەیدوون، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی وت، سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانەی کە پارتی و یەکێتی دروستییانکردووە لە بێ مووچەی لە گرانی نرخی کارەبا، قەیرانی بێئاویش بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ هاوڵاتییان.
هاوکات بەشێک لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانەش بە ئێن ئاڕ تییان وت، چەندین ساڵە گرفتی کەمئاویان هەیە و حکومەتی ماوەبەسەرچوو تاوەکو ئێستا بەدەم کێشەکانیانەوە نەچووە، بۆیە بە ناچاری مانگانە سێ بۆ چوار تانکەر ئاو دەکڕن.
باسیان لەوەش کرد، دەستخۆشی لە تیمی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارانی دەکەن کە هەستاون بە دابەشکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانیان و ئەو خزمەتگوزاریەی نەوەی نوێ دەیکات هیچ لایەنێک پێی ناکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای هاتنی وەرزی گەرما و سەرهەڵدانی گرفتی کەمئاوییەوە، نەوەی نوێ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێم لە بری حکومەتی ماوەبەسەرچوو سەرقاڵی دابەشکردن و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن، بەڵام چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییەوە رێگرییان لێ کراوە.