ئەمڕۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی راپەرین بە ئامادەبوونی شاندی دەم پارتی و کەسایەتییە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ هەینی ١١ی تەمموزی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی دوو شاندی بەرپرسانى دەم پارتی بەمەبەستی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە رۆژی رابردوو گەیشتنە هەرێم، بڕیارە ئەمڕۆ لە ئوتێل ئاشوور لە سنووری دوکان پرۆسەکە لەبەردەم ئامادەبوان پەخشدەکرێت.
بە پێی دوایین زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ژمارەیەکی زۆر لە
رۆژنامەنووسانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نوێنەری وڵاتانی تورکیا و ئەوروپا بانگێشتکراون و شاشەیەکی گەورە بە شێوەیەکی راستەوخۆ پرۆسەکە رووماڵدەکات و ئاڕاستەی
ئامادەبووان دەکرێت، بە پێی زانیارییەکانیش زیاتر لە ٣٠ گەریلا پرۆسەکە ئەنجامدەدەن.
ئەمەش
لەکاتێکدایە، رۆژی ٩ـی تەمموزی ئەمساڵ، عەبدوڵا ئۆجەلان، پەیامێکی ڤیدیۆیی
بڵاوکردەوە و داوای لە پەکەکە کرد، هێزی سیاسەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بخەنە بواری
جێبەجێکردنەوە و واز لە چەک بهێنن، وتەبێژی دەم پارتیش باسی لەوەکرد، کە پابەند
دەبن بە داواکارییەکانی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ئەمڕۆش هاوسەرۆکان و
نوێنەرانی دەم پارتی، لە رێورەسمی چەکدانانی پەکەکە-دا، لە سلێمانی ئامادەدەبن.
پارتی
کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆی ئەنقەرەوە
دامەزرا، بە ئامانجی سەرەکیی رزگارکردنی کورد لە رێگەی خەباتی چەکدارییەوە، ئەو
خوێندکارانەش عەبدوڵا ئۆجەلان، کە خوێندکاری زانستە سیاسییەکان بوو، وەک رێبەر
هەڵبژارد و لەدوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠ی تورکیا و کوردستان، پارتەکە لە ساڵی ١٩٨٤ بوو بە پارتێکی چەکداری و دوای زیاتر لە ٤٦ ساڵ، بڕیارە ئەرۆ لە خەباتی چەکداری دەستهەڵبگرێت.