PM:04:05:05/07/2025
2448 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، ئەوەی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەرچووە سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە رەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک رێگەپێدراو نییە.
ئەمڕۆ شەممە پێنجی تەمموزی ٢٠٢٥، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاراستەی دامەزراوەیەکی ئەمنیی عێراقی کرابوون و وتی، ئەو تۆمەتەی كە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە ئاڕاستەی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمی عێراق كراوە، كارێكی رەتكراوە و ئیدانەكراوە و بەهیچ بیانوویەک قبوڵکراو نییە، بەتایبەتی کە بە غیابی بەڵگە دەرچووە، داوا دەکەن ئەگەر هەبێت بخرێتە بەردەم دەزگا فەرمییەکانی حکومەت.
دەشڵێت،
حکومەتی فیدراڵی بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دووپاتیکردەوە،
کە سازشی نەکردووە و سازشی لە حیسابی رۆڵەكانی گەلی عێراق و ئاسایشیان ناكات،
هەروەها کەمتەرخەمی ناکات لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک
کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری یان تێکدانی ئاسایش لە سەرتاسەری عێراق بدات.
باسی
لەوەشکردووە، ئاڵنگارییەكانی ئێستا پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە لە رێگەی
کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەک پەنا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ببەن بە راپۆرت و
بەیاننامە کە دەرفەت بەوانە دەدات لە بۆسەدان بۆ دەرفەتێك بۆ زیانگەیاندن بە
دامەزراوەكانی عێراق كە عێراق دەپارێزن و بەرگری دەکەن و ئاسایشەکەی دەپارێزن،
هەروەها پاساو بۆ لایەنە دوژمنکارەکان دەڕەخسێنێت بۆ تێکدانی سەقامگیری عێراق.