سەردێڕ:

سایلۆی سلێمانی جوتیارانی چەند ناوچەیەک ئاگاداردەکاتەوە

PM:01:26:05/07/2025

4156 جار خوێندراوەتەوە

سایلۆی سلێمانی ئاگاداری جوتیارانی قەرەداغ و بازیان و شارباژێر و ماوەت دەکاتەوە کە سبەی گەنمەکانیان رادەستی سایلۆ بکەن. وەزارەتی بازرگانی هەرێمیش دەڵێت، تا ئێستا ١٠٦ هەزار تەن گەنم لە جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە.


ئەمڕۆ شەممە پێنجی تەمموزی ٢٠٢٥، سایلۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، 'ئاگاداری جوتیارانی سنووری بەشە کشتوکاڵیەکانی( قەرەداغ، بازیان، شارباژێڕ، ماوەت) دەکەین کە لەسبەی رۆژی یەکشەمە گەنمەکانیان بێنن بۆ سایلۆکەمان بە مەبەستی رادەستکردنیان".

وەزارەتی بازرگانی هەرێمیش دەڵێت، لە سلێمانی پێنج سایلۆ و بنکەیەک گەنمی جوتیاران وەردەگرن و تا ئێستاش ١٠٦ هەزار تەن گەنم لە جوتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە.

هاوکات، دەشڵێت، تا ئێستا بڕی ٢٦٥ هەزار تەن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەرگیراوە و وتیشی، بۆ ئەمساڵ بڕی ٤٠٠ هەزار تەن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی هەرێم وتبووی، حکومەتی ماوەبەسەرچوو ٤٠٠ هەزار تەن گەنمی پیشنیازکردووە حکومەتی عێراق لە جوتیارانی هەرێم وەربگرێت.













گەلەری