لە ٢١ـی حوزەیرانەوە چووینەتە ناو وەزری هاوینەوە، لە کەشە گەرمەکاندا پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن بڕێکی باش ئاو بخورێتەوە، ئەوەش لە پێناو دووربوون لە وشکبوونەوەی جەستە، بڕی ئاوی پێویست بە پێی قسەی پسپۆڕان بۆ پیاو ١٣ پەرداخ ئاوە، بۆ ژن نۆ پەرداخ ئاوە، بەڵام ئایا ئاوی زۆر سارد باشترە یان خراپ؟
خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو گرنگترین هۆکارە بۆ مانەوە بە سەلامەتی لە کەشە زۆر گەرمە مەترسیدارەکاندا، وشکبوونەوەی جەستە، کەمبوونەوەی بڕی شلەمەنییەکانە لە جەستەدا و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای جەستە بۆ ئارەقەکردنەوە و هێشتنەوەی جەستە لە پلەی گەرمی ئاسایی خۆیدا، ئەم حاڵەتە دەکرێت ببێتە هۆی مردن.
پسپۆڕان ئاماژە
بەوە دەکەن، خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو لە کەشە گەرمەکاندا یارمەتی جەستە دەدات بۆ
نزمبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و شوێن گرەوەی ئەو ئارەقەی بە هۆی گەرماوە جەستە
دەریدەدات.
بەڵام ئایا چ
جۆرێکی ئاو باشترە؟ ئایا ئاوی سارد و سەهۆڵاو گونجاوە؟ پسپۆڕان لە راپۆرتێکی
"ئیندەپێندێنت" وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.
هەندێک لە خەڵک
ئارەزووی ئاوی سارد دەکەن، چونکە پێیانوایە باشترینە بۆ تینوێتی، بەڵام
توێژینەوەکان هاوڕا نین، پسپۆڕان پێیانوایە سەهۆڵی شکاو رەنگە باشتربێت لە ئاوی
سارد بۆ وەرزشکردن لە کەشە گەرمەکاندا.
توێژینەوەکانی
دیکە دەریانخستووە، لە کەشە وشک و گەرمەکاندا، خواردنەوەی ئاوی گەرم خێراتر جەستە
فێنک دەکاتەوە.
برایان واینەر،
پزیشکی پسپۆڕی گەدە و ریخۆڵە دەڵێت، "زۆرینەی توێژینەوە زانستییەکان پشتگیری
ئەو دیدگایە ناکەن کە ئاوی سارد باشتر بێت یان نا."
دکتۆر برایان
دەڵێت، "هەموومان پێویستە ئاوی پێویست بخوێنەوە، ئەوە لە هەمووی گرنگترە."
توێژینەوەیەکی
دیکەی پەیمانگەیەکی ئەمەریکی دەریخستووە، "بەدڵنیاییەوە پلەیەکی تایبەتی
گەرمی ئاوی خواردنەوە سوودی نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگترینە کەسەکە ئاوی پێویست
بخواتەوە."
پسپۆڕان
پێشنیاز دەکەن، پیاوان پێویستە ١٣ پەرداخ ئاو و شلەمەنییەکانی دیکە بخواتەوە،
ژنانیش پێویستە نۆ پەرداخ ئاو و شلەمەنییەکانی دیکە بخواتەوە.