بوکەڵەیەک خستیە ریزبەندیی دەوڵەمەندەکانی جیهانەوە، وانگ نینگ خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی بوکەڵەی لابووبووی دروست کرد و بوکەڵەکە کردی بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی جیهان.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، گۆڤاری فۆربێس بڵاویکردووەتەوە، بوکەڵەی لابووبوو لە ئێستادا بووەتە ترێند لە جیهان و رۆژانە دەیان هەزار دانەی لێ دەفرۆشرێت، وانگ نینگ کەسێکی چینییە و خاوەنی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی بوکەڵەی لابووبووە، بەهۆی فرۆشتنی ئەو بوکەڵەیەوە لە ماوەیەکی کەمدا سەروەتەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە ٢١ ملیار دۆلار و هەر لە زیادبوونیشدایە.
لە ئێستادا پیاوە
چینیەکە لە ریزبەندی ١٠ دەوڵەمەنترینی کەسی چیندایە، بووکەڵەکەی بە چەند رەنگێک
بەردەستە و دەگمەنترینیان رەنگە رەساسییەکەیەتی کە دەوترێت، هەر کەسێک ئەو رەنگەی
بۆ دەرچێت بە نرخێکی گرانتر لە بازاڕەکاندا بە شێوەی مەزاد دەفرۆشرێت.
چۆن لابووبوو بەمشێوەیە بەناوبانگ بوو، چۆن بووە ترێندێکى جیهانیی؟
پێش ئەوەى ناوبانگى ئەم بوکەڵانە بە جیهاندا بڵاوببێتەوە، ناوبانگیان
تەنها لە چین بوو، لە کۆتاییەکانى ساڵی ٢٠٢٢ لەوێ بەناوباگ بوو، هەروەها کڕیارێکى
باشى ناوخۆیی هەبوو، دواى کۆتاییهاتنى ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەی جیهانیی، لە
باشوورى رۆژهەڵاتى ئاسیا بەرە بەرە ناوبانگى بۆ دروستبوو، بەمەش لە سەرەتاى ٢٠٢٣ـەوە
بەرە بەرە لە وڵات و شارە جیاوازەکان ناوى لابووبوو بیسترا.
لە ناوەڕاستەکانى ساڵى ٢٠٢٤ گۆرانیبێژى بەناوبانگ (ریهانا) ئەم بوکەى
بە جانتاکەیەوە کرد، کیم کارداشیانیش کۆکراوەى رەنگەکانى لە لاپەڕەى خۆى لە
ئینستاگرام بڵاوکردەوە، بەمەش ناوبانگى ئەم بوکە بە جیهاندا تەقییەوە و کڕینى
لەلایەن کەسایەتییە بەناوبانگەکان و کەسانى گەورە و منداڵەوە دەستى پێکرد.
نرخى لابووبوو لە ١٣ بۆ ١٦ دۆلار دەستپێدەکات، بەڵام لەوەندەدا
ناوەستێت و تا زیاتر لە حەوت هەزار دۆلار دەڕوات ئەویش بەپێی رەنگ و شێوەکەى
دەگۆڕێت، ئەوەى ئەم بوکەڵە بچوکەى زیاتر بەناوبانگ کردووە ئەوەیە کە کەسانێک هەن
بێ گوێدانە نرخەکەى ئامادەن زیاتر لە ١٠ دانە بکڕن بە نرخى زۆر بەرز تا ئەو
رەنگەیان دەستدەکەوێت.
لە هەرێمى کوردستانیش لابووبوو بەردەستە، گەڕانێکى کەم بەناو تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکاندا بکەیت، چەندین ریکلام بۆ ئەم بوکە دەبینینت کە نرخەکەى لە هەشت
هەزار دەستپێدەکات و تا ٧٥ هەزار دینار دەڕوات و بەپێی کوالێتییەکەى دەگۆڕێت.