بۆ خۆتۆماركردن لە ئەپڵیكەیشنی (بیتاقە تەموینی)، بەرپرسێكی پسوڵەی خۆراك چەند زانیاری و بەرچاوڕوونییەكی گرنگ دەداتە هاوڵاتیان و دەڵێت، منداڵی تازە لەدایكبوو لەناو سیستمەکە تۆمار ناکرێت و ئەوانەشی مردوون بلۆك دەكرێن. دەشڵێت، زیادکردنی منداڵ و گۆڕینی بریکاری خۆراک لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیكە دوای تەواوبوونی پڕۆسەكە دەست پێدەکات، لەوەی ئێستادا ناكرێت.
ئەمڕۆ شەممە ١٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی وت، لە ئەپڵیكەیشنی نوێکردنەوەی زانیاریی پسوڵەی خۆراک، ئەوەی تاکو سەرەتای مانگی داهاتوو خۆی تۆمار نەكات پسوڵەکەی بلۆك دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەشی لەدەرەوەی وڵاتن پێویستە خۆیان تۆمار بكەن، ئەوانەیشی مردوون و نەسڕاونەتەوە خۆیان دەسڕێنەوە و بلۆک دەکرێن و ناتوانن ئەپدەیتەکە بکەن چونکە سیستەمەکە داوای، وێنەی زیندوو و راستەوخۆ دەکات، دەبێت رووخساری هەموو کەسێک لە (NFC) لەسەر شاشەی مۆبایلەکە بە روونی دەربکەوێت.
وتیشی، "منداڵی تازە لەدایکبوو یان چەند مانگێک یان ساڵێک، کارتی
نیشتمانیشی هەبێت، ئەگەر ناوی لە فۆڕمی خۆراکدا نەبێت ئێستا تۆمار ناکرێت، بەڵکوو
دەکەوێتە دوای تەواوبوونی پڕۆسەكە.
روونیشیکردەوە، ئەو کەسانەی هاوسەرگیرییان کردووە و هێشتا لەگەل ماڵی
باوكیانن چ کوڕ و کچ، پێویستە لەگەڵ ماڵی باوكیان پڕی بکەنەوە، هەروەها بۆ
زیادکردنی منداڵ و گۆڕینی بریکاری خۆراک لە شوێنێک بۆ شوێنیکی دیكە دوای
تەواوبوونی پڕۆسەكە دەست پێدەکات، لەوەی ئێستا ناكرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەلیکتڕۆنیکردنی پسوولەی خۆراک تاوەکوو پێنجی
مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت و سەبارەت بە کەمی ماوەکەش وتی، بۆ هەر پارێزگایەك
ماوەی مانگێك داندراوە، بەڵام بەنیازن دوای تەواو بوونی وادەكە، داوای
درێژكردنەوەی بکەن، رەنگە هەفتەیەك یان ١٠ رۆژ درێژ بکرێتەوە، بەڵام نابێت هاوڵاتیان
چاوەڕوانی درێژكردنەوە بكەن، پێویستە لە ئیستاوە پەلە بکەن و خۆیان تۆمار بكەن.
ئەوەشی خستە ڕوو، هەر کەسێک کێشەی هەبوو لە ئەپڵیکەیشنەکه و نەیتوانی
کارەکە بکات، سەردانیان بکەن و هاوکارییەکیان دەکەن و چەندین تیمیان ئامادەیە بۆ
هاوكاریكردنی هاوڵاتیان و بریكارەكان، تیمەكان زیاتر بۆ ناوچە دوورەكانە، ئەوەشی
لەناو هەولێر كێشەی هەبوو دەتوانێت سەردانیان بكات، یانیش لە رێگەی بریكارەكانی
خۆراك بۆیان دەكرێت.
باسی لەوەشکرد، دوای تەواوبوونی ماوەی دیاریکراوی نوێکردنەوەی پسولەی
خۆراک، بژاردەکانی دیكە ئەکتیڤ دەکرێن، وەک تۆمارکردنی ناو و جیاکردنەوە و
گواستنەوەی پسوڵە، بۆ ئەمانەش دەبێت بڕە پارەیەک بە ڤیزەکارت بدات، کە هەندێکیان
بڕی ١٠ هەزار و هەندێکیش زیاترە و نووسراوی فەرمیان لەسەر ئەو پرسە لەلایەن
وزارەتی بازرگانیی عێراق بەدەست گەیشتووە.