سەردێڕ:

حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەبارەی نەدانی مووچە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

PM:06:20:12/06/2025

4116 جار خوێندراوەتەوە

حکوومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا نەدانی مووچە و دواکەوتنی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و دەڵێت، حکومەتی عێراق هیچ ساڵێک هەر ١٢ مووچەکەی هەرێمی نەناردووە و سەرەڕای بیانوەکانی، حکومەتی ماوەبەسەرچوو توانیویەتی کێشەی مووچە چارەسەربکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم راگەیەندراوێک بڵاوکردەوە و دەڵێت، بۆ ماوەی ١١ ساڵە حكومەتی عێراق بوودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی بڕیوە و سەرباری ئەوەش حکومەتی ماوەبەسەرچوو كێشەكانی لیستی مووچەی چارەسەر كردووە.

وتیشی، حکومەتی عێراق هیچ ساڵێک مووچەی هەر ١٢ مووچەکەی مووچەخۆرانی هەرێمی نەناردووە و دواجار وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری داوە مووچەی هەشت مانگی ساڵی ٢٠٢٥ نەنێرێت، لە كاتێكدا لە ١٣ ملیار دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٥، تەنیا چوار ملیار دینار نێردراوە.

لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەشڵێت، عێراق جگە لەوەی مووچە و بودجە بۆ هەرێم نانێرێت، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دروست دەكات، تاكوو نەتوانێت ئابوورییەكەی ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بكات.
باسی لەوەشکردووە، هەرێم هەموو ئاسانكارییەكی بۆ مەرجەكانی عێراق و رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان كردووە و گرێبەستەكانی نێوان هەرێم و كۆمپانیاكان بەپێی بڕیاری دادگاكانی عێراق یاسایین، بەڵام حكومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرۆسەكە دروست دەكات، تاكوو هەرێم لە رووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێویی نەبێت وەک لە سەرەتای ٢٠١٤وە رووی داوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی پابەند نەبوونی بە دەستوور و داهاتی ناوخۆوە، تا ئێستا مووچەی مانگی پێنج دابەش نەکراوە، کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.














گەلەری