سەردێڕ:

لاڤرۆڤ: ترەمپ تاکە سەرکردەیە لە رۆژئاوا کە لە كێشەکان تێبگات

PM:11:11:12/04/2025

2104 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی روسیا لە کۆڕبەندی دیبلۆماتی ئەنتاڵیا ستایشی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات و دەڵێت، تاکە سەرکردەیە لە رۆژئاوا کە کێشەی نێوان روسیا و ئۆکرانیای دەستنیشان کردووە و چارەسەرەکەشی خستووەتە ڕوو.


ئەمڕۆ شەممە ١٢ـی نیسانی ٢٠٢٥، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لە کۆڕبەندی دیبلۆماتی ئەنتاڵیا رایگەیاند، تاکە رێگا بۆ چارەکردنی کێشەکان و بونیاتنانی ئاشتییەکی درێژمەودا، چارەکردنی ئەو کێشانەیە لە ریشەوە کە بوونەتە هۆی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە.

ئاماژەی بەوەکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا تاکە سەرکردەیە لە رۆژئاوا کە چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ هەڵەیەکی گەورەیە و "ئێمەش باس لە چارەکردنی ڕیشەی ئەو کێشەیە دەکەین".

هاوکات لەبارەی پابەندبوون بەو خاڵەی کە نابێت هێڕش بکەنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی یەکتر، وتیشی، "ئێمە بەڵێنی خۆمان دەپارێزین هێرش ناکەینە سەر ئەو پێگانە، بەڵام ئەوە ئۆکرانیایە کە ڕۆژانە هێڕش دەکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانمان".

ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی روسیا لە کاتێکدایە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سان پیتەرسبورگ، لە بارەی پرسی ئاشتی و کۆتاییهێنان شەڕی سێ ساڵەی ئۆکرانیا کۆ بوونەوە.

هەروەها دوێنێ هەینی، ١٢ـی نیسانی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیاڵ تروس نووسیبووی، دەبێت روسیا پەلە بکات، خەڵکێکی زۆر رۆژانە لە شەڕێکی بێ بنەما دەکوژرێن.













گەلەری