AM:09:01:29/11/2024
3204 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەدوای کۆڕبەندی ئابووری عێراق و ئیسپانیا رایگەیاند، سەرمایەگوزاری بیانی لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی ٦٢ ملیار دۆلار و لەگەڵ خستنەگەڕی رێگەی گەشەپێدانیش ئەم سەرمایەیە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی ٢٩ـی ١١ـی ٢٠٢٤، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆک وەزیرانی عێڕاق، باسى لەوەش کرد، لە کۆڕبەندی ئابووری عێراق و ئیسپانیا پەیوەندییە ئابورییەکانی هەردوو وڵاتیانان تاوتوێ کردووە و بڕیاریشیانداوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئیسپانیا بەرزبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هاوبەشییەکی ستراتیژی گشتگیریان لە سەرجەم کەرتەکاندا
لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا تاوتوێ
کردووە و بڕیاریانداوە کۆمپانیا ئیسپانییەکان وەبەرهێنانی زیاتر لە عێراقدا ئەنجام
بدەن و قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتیش زیاد بکەن.
ئەوەشی خستە ڕوو، کاری لەپێشینەیان
پیشەسازیی بیناسازییە، چونکە دەیانەوێت یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیانی
عێراق دروست بکەن و تا ١٠٠ ملیار دۆلار لە ماوەی ٣ ساڵدا تەرخانکراوە بۆ جێبەجێکردنی
پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری، کە زەمینەیەکی گونجاوە بۆ بەشداریکردنی کۆمپانیا ئیسپانییەکان.
ئاماژەى بەوەش کرد، بەردەوام بووین لە چاکسازی لە کەرتی دارایی و بانکی،
و بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان ستانداردەکانی بانکی جێبەجێ
دەکەین.