سەردێڕ:

شارەزایان: ئەگەر ئاڵۆزییەکانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمببنەوە نرخى دۆلار زیاتر دادەبەزێت

PM:10:54:27/10/2024

1700 جار خوێندراوەتەوە

دۆلار باری کەوتووەتە لێژی و تادێت بەهاکەی بەرامبەر دینار زیاتر دادەبەزێت، حکومەتی عێراقیش رێکاری نوێی بۆ دابەزاندنی دراوەکەی ئەمریکا گرتووەتەبەر، هاوکات لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانیش بانکی تی بی ئای دەستیکرد بە پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی.


نرخى دۆلار جارێکى دیکە دابەزیوە، بەتایبەتى دواى ئەوەى حکومەتى عێراق دەستى کرد بە فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانى عێراقدا بە هەرێمى کوردستانیشەوە و لە بەغدا و واشنتۆنیش زیاتر نزیکبوونەوە لە مامەڵە داراییەکاندا.

دواى ئەوەى بەهۆی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە، حکومەتی عێراق کۆمەڵێک رێکاری نوێى بۆ دابەزاندنى گرتەبەر و ئێستا ١٠٠ دۆلار بە کەمتر لە ١٥١ هەزار دینار مامەڵەى پێوە دەکرێت. یەکێک لە رێکارەکانیش ئەوە بوو، بانکی بازرگانیی عێراق(TBI)  لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، پەنجەرەى بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی کردەوە. 

پسپۆڕانى بوارەکە هۆکارێکى دیکەى بەرزبوونەوەى بەهاى دینار دەگەڕێننەوە بۆ هاتنى چەردەیەکى گەورەى دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق لە پارەى یەدەگى عێراق، دواى ئەوەى حکومەتى عێراق داواى لە ئەمریکا کرد سێ ملیار دۆلارى کاشى بۆ بنێرێت و واشنتۆنیش رازى بوو.

سەربارى ئەوەش، ئەمریکا رازییە عێراق بێجگە لە دۆلار مامەڵە بە یوانى چینى و درهەمى ئیماراتى و یۆرۆوە بکات و بەوەش هێزى دینار بەرامبەر بە دۆلار هێندەى تر زیاتر بووە و پێشبینى دەکرێت ئەگەر ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە خاوببنەوە نرخى دۆلار زیاتر دابەزێت.













گەلەری