سەردێڕ:

بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا؛ عێراق چەند گرێبەستێکی نوێی واژۆ کرد

PM:05:17:27/10/2024

880 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و غازییەکان و زیادکردنی بەرهەمەکان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چەند گرێبەستێکیان واژۆ کردووە. دەشڵێت، لەڕێگەی گرێبەستەکانەوە نزیکەی ٨٥٠ پێ سێجا غاز و ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غاز،چەند گرێبەستێکیان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا واژۆ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە مەبەستی زیادکردنی یەدەگی نەوت و غاز بەردەوامە، بەوپێیەی هۆکارێکی گرنگن بۆ گەشەی بەردەوامی ئابووریی عێراق.

باسی لەوەش کرد، پڕۆژەکانی پەیوەست بەو بوارە سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پیشەسازییەکانی دیکە دابین دەکەن، ئەوەش جگە لەوەی هەلی کاری زیاتر بۆ دەرچوان و کرێکاران دەڕەخسێنێت.

ئەوەشی خستە روو، ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئەنجام دراون بریتین لە کۆمپانیای (یو ئی جی)ـی چینی، کۆمپانیای جیۆ جەید، کۆمپانیای (کەی ئەی ئاڕ)ـی عێراقی، کۆمپانیای سیپۆنتیکی چینی و چەند کۆمپانیایەکی دیکە.













گەلەری