سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانى: خەرجییەکانى بودجەی ٢٠٢٥ نزیکەى ٢٠٠ ترلیۆن دینار دەبێت

PM:11:51:25/10/2024

1552 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕى خەرجییەکانى بودجەی گشتى بۆ ساڵی داهاتوو نزیکەى ٢٠٠ ترلیۆن دینار دەبێت و گرنگترین خەرجییەکانیش مووچە و خەرجی حاکیمە دەبن.


مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراق راگەیاندووە، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە بڕگە سەرەکییەکانی بودجەى ساڵى ٢٠٢٥ ناکرێت و کورتهێنانی گریمانەیی بە ٦٤ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە.

باسی لەوەش کردووە، خەرجییەکانی مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە پێشەنگی ریزبەندی گرنگترین خەرجییەکانن و دوای ئەوانیش خەرجی حاکیمە و پابەندییەکانى وەک دانەوەى قەرزە دەرەکییەکان دێن.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ـدا بە ٧٠ دۆلار دانراوە بە توانای هەناردەکردنی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە و ئەگەر نرخى نەوت لە سەروو ٧٠ دۆلارەوە بێت، ئەوا یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەى کورتهێنانە گریمانەییەکە.
وتیشى، پێویستە حکومەت کار لەسەر زیادکردنى داهاتى نانەوتی بکات بۆ کەمکردنەوەى مەترسی دابەزینى نرخى نەوت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ خشتەى بودجە بگاتە پەرلەمانى عێراق بۆ پەسەندکردن.













گەلەری