سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: نەوەی نوێ تەنها لایەنە کە ١١٢ سکاڵای لە کۆمسیۆن تۆمار کردووە

AM:11:04:24/10/2024

5804 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، سوپاسی سەرجەم دەنگدەران و بەتایبەت دەنگدەرانی نەوەی نوێ دەکەن و دڵنیاییان دەدەنێ کە پشت لە خەڵک و دەنگدەرانیان ناکەن و نایەڵن دەنگەکانیان بەفیڕۆبچێت و هەڵەی هەندێک حزب دووبارە ناکەنەوە و دەنگی دەنگدەرانیان نافرۆشن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوە کرد، ١١٢ سکاڵایان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە و دوو سکاڵای دیکەشیان بە جیا لە کۆمسیۆن تۆمارکردووە و چاوەڕێی ئەنجامی سکاڵاکان دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە ئاستی چاوەڕوانی نەوەی نەوەی نوێدا نەبووە، بەڵام ئەوان هێزێک نین دوای هەڵبژاردن بێنە سەر شاشەکان و بگرین و بەڵکو پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەرانی دەکات.

باسی لەوەش کرد، ئەمجارە بە بەشداری دەنگدەران کورسی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمان لە ٨٠ کورسییەوە بۆ ٦٠ کورسی دابەزیوە. وتیشی، نزیکەی دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس یان نەچوون بۆ دەنگدان یان هەر کارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتووەتەوە سەرەڕای ئەوەش، دەنگەکانی دەسەڵات کەمی کردووە و دەنگی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات زیادی کردووە.

شاسوار عەبدولواحید، راشیگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانی دەسەڵات کار لەسەر ساردکردنەوە و بێهیواکردنی خەڵک دەکەن و هەرچەندە چەند کورسییەکیان پێدراوە کاردەکەن بۆ ئەوەی خەڵک لە دەنگدان ساردبکەنەوە.

باسی لەوەش کرد، دەسەڵات و هێزە هاوپەیمانەکانی کاردەکەن بۆ بێهیواکردنی خەڵک لە دەنگدان و کار لەسەر ئەوە دەکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی داهاتوو دەنگدەران بەشداری نەکەن و سوود لە کەمی دەنگدەران وەربگرن.

داوای لە دەنگدەرانی نەوەی نوێش، کرد بێ هیوا نەبن، چونکە هێزەکەیان بە سێ پەرلەمانتارەوە شەڕی قوتی خەڵکیان کردووە جا ئەگەر کورسییەکانیان زیاتر بێت زیاتر بەرگری لە مافی هاوڵاتیان دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، "داوا لە گەنجەکان دەکەم وڵات و نەوەی نوێ جێنەهێڵن و بمێننەوە، چونکە ئەگەر ئێوە نەبن نەوەی نوێ نابێت و دڵنیا بن ئێمە هەنگاوی نوێ و باشمان لەپێشە بۆ هاوڵاتیان."

ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵات و هاوپەیمانەکانی کار بۆ شکاندنی نەوەی نوێ دەکەن بەڵام نەوەی نوێ هێزێکە بەبێ پارە و تەنها بە پاڵپشتی خوا و خەڵک رووبەڕووی دوو حزب بۆتەوە کە بە وتەی خۆیان چەندان ساڵە سیاسەت دەکەن و تاکە شت کە دەسەڵات لێی دەترسێت هەبوونی هیوایە لای دەنگدەران و هاوڵاتیان.

ئەوەشی خستە روو، بەهای دەنگدەران ئەوەیە کە هێزێکی نوێیان دوست کردووە کە رووبەڕووی دەسەڵات بووەتەوە بەجۆرێک ئەگەر نەوەی نوێ نەبوایە، یەکێتی لە سلێمانی ٣٠ کورسی دەبرد و پارتیش ژمارەی کورسییەکانی زیاتر دەبێت.

شاسوار عەبدولواحید داواشی لەو دەنگدەرانە کرد کە کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، بڕۆن و کارتەکانیان وەربگرنەوە و لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆن بکەن و خەباتێکی مەدەنی دژی دەسەڵات بکەن و پشوو درێژ بن.

راشیگەیاند، "ئەوان لە بری هاتنە سەر شاشە و گریان پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەرانیان دەکەن نەک وەک حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان بێن لە بری ئەوەی دژایەتی پارتی و یەکێتی بکەن دژایەتی حزبێکی دیکە بکەن، بە ٤٠ حزب و ٧٨ کاندیدی سەربەخۆ کە دژایەتی نەوەی نوێیان دەکرد نیوەی نەوەی نوێ دەنگیان نەهێناوە."


 













گەلەری