لالەنگی یەکێکە لە میوە تایبەتەکان، جگە لە تامە خۆشەکەی چەندین سوودی گرنگ بە جەستە دەبەخشێت، چونکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین ئەی و بی و سی و کانزای ئاسن و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و فۆسفۆر و کالسیۆم، لە هەمان کاتدا دژە ئۆکسانە.
لە بابەتێکی ماڵپەڕی "ئێرێ نیوس" ـدا بڵاو کراوەتەوە، لالەنگی میوەیەکی وەرزییە و چارەسەری هەڵامەت و ئەنفلەوەنزا دەکات، جەستە بە شێداریی دەهێڵێتەوە، لە هەمان کاتدا تەندروستی پێست و قژ دەپارێزێت.
لالەنگی رێژەیەکی
بەرزی ریشاڵی تێدایە، هەروەها رێژەی کالۆری کەمی تێدایە، تێکڕای کالۆرییەکەی لە نێوان
٦٠ بۆ ٨٠ کالۆریدا دەخەمڵێندرێت، ئەمەش وای لێدەکات ببێتە هەڵبژاردەیەکی نایاب بۆ
ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت رێژەی کالۆری کەم بکەنەوە، رۆژانە خواردنی لالەنگی دەبێتە
هۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بەتێربوون بکەیت، ئەمەش یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی
کێشدا.
لالەنگی جەستە
بە شێداری دەهێڵێتەوە، بەشدارە لە باشترکردنی ئاستی وزە و بەرزکردنەوەی میتابۆلیزم،
بەهۆی کەمی رێژەی شەکرەکەیەوە، ئەمەش ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە.
بەڵام دەبێت
ئاگادار بیت کە زیادەڕۆیی لە خواردنی نەکەیت چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی
کێشە لە کۆئەندامی هەرس یان لەدەستدانی مینای ددان، گرنگە بە رێژەیەکی مامناوەند
بخورێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە بارودۆخی تەندروستی تایبەتیان هەیە.