سەردێڕ:

لە بری حکومەت؛ نەوەی نوێ لە سلێمانی و هەولێر بەردەوامە لە دابەشکردنی ئاوی خواردنەوە

PM:01:59:01/08/2024

1080 جار خوێندراوەتەوە

گرفتی کەمئاوی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامی هەیە و تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە، لەو ماوەیەشدا لە جیاتی حوکمەتی کاربەڕێکەر، نەوەی نوێ بەردەوام ئاوی خواردنەوەی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش کردووە. ئەمڕۆش لەلایەن تیمی نەوەی نوێوە، ئاو بەسەر دانیشتوانی چەند گەڕەکێکی سلێمانی و هەولێردا دابەش کرا.


بەهۆی گرفتی بێئاوی لەم ساڵیشدا، ماوەی سێ مانگە لە جیاتی حکومەتی کاربەڕێکەر، لە بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی و هەولێر، تیمی نەوەی نوێ سەرقاڵی دابەشکردنی ئاوە بەسەر هاوڵاتییاندا.

بەشێک لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، چەندین ساڵە گرفتی کەمئاویان هەیە و حکومەتی کاربەڕێکەر تاوەکو ئێستا بەدەم کێشەکانیانەوە نەچووە، بۆیە بە ناچاری مانگانە چوار بۆ پێنج تانکەر ئاو دەکڕن کە هەر تانکەری ١٥ بۆ ٢٥ هەزار دینار پێ دەدەن.

باسیان لەوەش کرد، دەستخۆشی لە تیمی نەوەی نوێ دەکەن کە هەستاون بە دابەشکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانیان و ئەو خزمەتگوزاریەی نەوەی نوێ دەیکات هیچ لایەنێک پێی ناکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای هاتنی وەرزی گەرما و سەرهەڵدانی گرفتی کەمئاوییەوە، نەوەی نوێ لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێم لە بری حکومەتی کاربەڕێکەر سەرقاڵی دابەشکردن و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی بەدەست نەبوونی ئاوی خواردنەوەوە دەناڵێنن، بەڵام چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییەوە رێگرییان لێ کراوە.













گەلەری