پێشینان دەڵێن، "مریشک خۆی خۆڵ نەکات بەسەری خۆیدا، کەس خۆڵ ناکات بەسەریدا". وەزیری ژینگە و کەشوهەوای یەکێک لە جوانترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان "دوورگەکانی ماڵدیڤ"، بەشێوەیەکی جیاواز هەوڵی کودەتای بەسەر سەرۆکی وڵاتەکەیدا دا و کەروێشک و سحری رەشی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکەی بەکارهێنا، بەڵام چی روویدا؟
فاتیمە شەمناز عەلی ئەو ژنە گەنجەی وەزیری ژینگە و کەشوهەوای ماڵدیڤە، ماوەی حەوت رۆژە دەستگیر کراوە و پۆلیسیش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، لەگەڵ دوو برای و هاوسەری پێشوویدا، سحری رەشیان لە رێگەی کەروێشکەوە لە سەرۆکی وڵات کردووە.
شەمناز عەلی، لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوودا لە
کارەکەی دوور خراوەتەوە و دەستگیر کراوە، لەو کاتەشەوە تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا
دەکرێت.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی ماڵدیڤ، ئادەم رامیزی هاوسەری
پێشووی شەمناز، کە وەزیری دیوانی سەرۆکایەتی وڵاتەکە بووە؛ بەهۆی ئەوەی لەکاتی
تاوانەکەدا پەیوەندی لەگەڵ شەمنازدا هەبووە، لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو وەزیرە هەوڵی داوە
لە رێگای جادووی رەشەوە، قسەکانی خۆی بسەپێنێت و پلەی خۆی بباتە پێشەوە لە بەرچاوی
سەرۆکی وڵاتەکەدا و ویستوویەتی خۆی بکاتە جێگای سەرنج، بێئاگا بوو لەوەی ئەو کارەی
دەبێتە هۆی خۆڵکردن بە سەریخۆیدا.
پۆلیسی ماڵدیڤ لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاندووە، رۆژی
١٣ـی مانگی نیسان ئاگادار کرانەوە لە هەبوونی رووداوێکی کوشتن لە یەکێک لە ماڵەکانی
مەنادۆ، دوای ئەوەی کە گەیشتنە شوێنەکە، بۆیان دەرکەوتووە ژنێکی تەمەن ٦٢ ساڵ کە
کاری سحری رەشی کردووە بە چەقۆ کوژراوە.
بە وتەی پۆلیس، دوای ئەوەی دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە،
بۆیان دەرکەوتووە کۆتا جار یەکێک لە براکانی ئەو وەزیرە بۆ ئەنجامدانی سحری رەش لە
سەرۆکی وڵاتەکە سەردانی ئەو ژنەی کردووە.
پۆلیسی ماڵدیڤ باس لەوە دەکات، گومان دەکەن ئەو برایەی شەمناز
بە هاوکاری براکەی دیکەی و هاوسەری پێشووی ئەو جادووگەرەیان کوشتبێت، بۆ ئەوەی سەرجەم
بەڵگەکان بشارنەوە.
لەو بارەیەشەوە ئەفسەری پۆلیسی ناوخۆی ماڵدیڤ بە میدیای
ناوخۆی وڵاتەکەی (سەن)ـی راگەیاندووە، ئەو وەزیرە چەند جارێک لەو شوێنانەی سحری لێکراوە
بینراوە، بەڵام نازانن بە دیاریکراوی بۆچ مەبەستێک لەوێ بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئەوەی ماوەی هەفتەیەکە لێکۆڵینەوەکان
لەگەڵ فاتیمە شەمنازدا بەردەوامە، بەڵام دانی بە تاوانەکەیدا نەناوە.
وتیشی، بەهۆی ئەوەی لەئێستادا پلەی وەزیر نەماوە و لەکارەکەی
دوور خراوەتەوە، بۆیە دەتوانرێت بە وردی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.