پاش سێ ساڵ لە کوژرانی موراد کانی کوردەیی بەرپرسە سەربازییەکەی یەکێتى لە رانیە، کەسوکارەکەی رایانگەیاند، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر کوشتنی موراد کانی کوردەیی دەستگیرنەکراوە. دەشڵێن، "سکاڵا لەسەر یەکێتی تۆمار دەکەین".
ئەمڕۆ دووشەممە، کەسوکاری موراد کانی کوردەیی، بەرپرسە سەربازییەکەی یەکێتی کە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن هێزێکی ئەمنیی ئەو حزبەوە کوژرا رایانگەیاند، لەسەر ئەو دۆسیەیە سکاڵا لەسەر یەکێتی تۆمار دەکەن.
ئاماژەیان بەوەش کرد، پاش تێپەڕبوونی نزیکەی
سێ ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر کوشتنی موراد کانی کوردەیی دەستگیر
نەکراوە.
شەوی ٢٥ـی ١١ـی ٢٠٢١، فەرماندەیەکی یەکێتی بەناوی موراد کانی کوردەیی کە کەسێکی نزیکی لاهور
جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی بوو، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئەو حزبەوە لەکاتی
هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی لە رانیە کوژرا.
لە رووداوەکەدا موراد کانی کوردەیی و دوو پاسەوانی گیانیان لەدەستدا و
پاسەوانێکی دیکەی بریندار بوو، پاش چەند رۆژێکیش ئەو پاسەوانەش گیانی لەدەستدا.
دواتر ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند،
"ھێزێکی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا و سەروەریی یاسا بۆ دەستگیرکردنی
داواکراو (موراد کانی کوردەیی) لە شاری رانیە بەشێوەیەکی مەدەنی و یاسایی ئەرکی دەستگیرکردنی
ناوبراویان پێسپێردرا، بەڵام ئەفسەرەکە پاسەوانەکانی روبەڕوی یاسا بوونەوە".
کەسوکاری موراد کانی کوردەییش رایانگەیاند، "ھەموو ئەو تۆمەتە بێبنەما و چەواشەکارییانەی
ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم بە تووندی رەت دەکەینەوە
و رایدەگەیەنین ئەوتۆمەتە بۆ داپۆشینی کارە
قێزەونەکەیانە و دەیانەوێت کەیسەکە بەلارێدا ببەن".
ئەوەش لە کاتێکدایە،
پێشتر چەندین بەرپرسی دیکە لە رووداوی گوماناوییدا گیانیان لەدەستداوە و دەسەڵاتیش
ئامادە نەبووە راستی رووداوەکە بۆ رای گشتی روون بکاتەوە، کوژرانی هاوکار جاف، عەقیدەکەی
دەزگای زانیاری یەکێتی لە هەولێر کە بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی و فەرەیدون جوانڕۆیی
لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٥ لە ناحیەی کەڵەکی نزیک هەولێر لە رووداوێکی گوماناویدا گیانی
لەدەستدا، هەموو ئەو رووداوانەش بە نادیاریی ماونەتەوە.