ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی زریان و لافاوی کیریلاوە لە باشوری هندستان، زیاتر لە ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.
پاش ئەوەی بارانێکی بەهێز ناوچەکانی باشوری هندستانی گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئاستی ئاوی رووبار و دەریاچەکان بەرزببێتەوە و لافاوێکی بەهێز دروست ببێت و شارۆچکە و گوندەکان بگرێتەوە.
ماوەی چەند رۆژێکە بارانی بەخوڕ و بەهێز ناوچەی کیریلای
لە باشوری هندستان گرتووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رۆچوونی زەوی و لافاوێکی بەهێز
لەو ناوچەیە دروست بکات، بەهۆی بەهێزی لافاو و رۆچوونەکەشەوە، سوپای هندستان بەشداری
هەوڵی تیمە رزگارەکەرە فریاگوزارییەکان دەکات.
بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییە ناوخۆییەکان، لە نێو ئەو کەسانەی
گیانیان لەدەستداوە، خێزانێکی شەش کەسی، کە ژنێکی تەمەن ٧٥ ساڵ و سێ منداڵیشیان تێدا
لە نێو ماڵێکدا بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات، تەرمی سێ منداڵی دیکە، کە تەمەنیان هەشت، حەوت و
چوار ساڵانە لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکاندا دۆزراوەتەوە.
سەرباری ئەمانەش، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو وڵاتە هۆشدارییان
لە بێسەروشوێنبوونی دەیان کەسی دیکە و هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەی گیانلەدەستدانەکان
داوە.
بارانی بەخووڕ و لێزەمە، لە ناوچەی کیریلای هندستان زوو
زوو دووبارە دەبێتەوە، لەساڵی ٢٠١٨شدا، نزیکەی ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیەکی یەک
ملیۆن کەسیش بەهۆی لافاو و زریانی بەهێزەوە ئاوارەبوون.