سەردێڕ:

لە هەرێم رۆژێک پشوو راگەیانرا

AM:11:15:27/04/2024

75532 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی رۆژمێری فەرمی حکومەتی کاربەڕێکەر رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پشووی فەرمییە.


ساڵانە حکومەتی کاربەڕێکەر رۆژانی پشووە فەرمییەکان لە رۆژمێری فەرمیدا دیاریدەکات و بەپێی رۆژمێرەکەش، ١ی ئایار کە دەکاتە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگاکاندا.

ساڵانە رۆژی ١ی ئایار، بەهۆی جەژنی کرێکارانەوە کراوە بە پشووی فەرمی. پشووەکە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بە حکومی و ناحکومییەکانیشەوە.

١ی ئایار بە جەژنی کرێکاران لە جیهاندا دادەنرێت و لەپێناو دانانی پێوانەیەكی هاوبەش بۆ ماوەی كاركردنی رۆژانە سەری هەڵداوە.

١ی ئایار كە لە ئەنجامی خەباتی كرێكارانی ئەمریكا لە ساڵی ١٨٨٤دا لەپێناو كەمكردنەوەی ماوەی كاركردنی رۆژانە بۆ هەشت كاتژمێر سەری هەڵدا و ساڵی ١٨٨٦ مانگرتنەكان بەجۆرێك فراوان بوون، بابەتەكە بووە پرسێكی جیهانی.

لە کۆنفرانسی رێكخراوی نێودەوڵەتیی برایەتیی كرێكاران كە ساڵی ١٨٨٩ لە پاریس بەڕێوەچوو، بڕیار درا رۆژێك وەك جەژنی كرێكارانی جیهان دەستنیشان بكرێت و لەسەر پێشنیازی سەندیكاكانی ئەمریكا ئەو رۆژە بە ١ی ئایار دیاریكرا.

لە چەندین وڵاتی جیهان ١ی ئایار وەك "جەژنی كرێكاران"، "رۆژی جیهانیی كرێكاران"،"جەژنی رەنجدەران" و چەندین ناوی دیكە یاددەكرێتەوە و كراوەتە پشووی فەرمی.













گەلەری