سەردێڕ:

لێدوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە بارەی بودجەی ئەمساڵی عێراق

PM:02:02:21/04/2024

3336 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەرجی مووچە و بەکاربردن لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤، گرنگییەکی بەرچاو بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی دەدرێت. دەشڵێت، "لە یەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوودا بودجەی ئەمساڵ بە تەواوی رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت".


ئەمڕۆ یەکشەممە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند، پێشبینی دەکەن لە یەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوودا بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بە تەواوی ئامادە بکرێت و رەوانەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە بودجەی سێ ساڵە و بەتایبەتیش بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـدا، گرنگییەکی بەرچاو بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی دەدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی نوێ بۆ گۆڕانکاری لە یاسای وەبەرهێناندا کراوە.

باسی لەوەش کرد، بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ دەبێتە سەرەتایەک بۆ کەمکردنەوەی خەرجی جێگر و مووچەی مووچەخۆران بەهۆی پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان کە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار و دەستی کاری زیاتر لە ناوخۆی عێراقدا. وتیشی، "دەستی کار رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خۆبژێوی و ئابووری تاکی عێراق لەمساڵدا".

هەر لەو بارەیەشەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ تایبەت دەبێت بە پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی و بۆ ئەومەبەستەش چەندین گرێبەستی دارایی نوێ ئەنجامدراوە. وتیشی، "بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی لەمساڵدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر بودجە و داهاتی عێراق جێدەهێڵێت".

لەلایەکی دیکەوە، محەمەد نەجار راویژکاری وەبەرهێنانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی تەواو دراوە کە ساڵی ٢٠٢٤ بکرێتە دەستپێکی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی. وتیشی، "لە ئێستادا عێراق بووەتە جێی خواستی کۆمپانیا بیانییەکانی تایبەت بە وزە و کشتوکاڵ ".

ئەوەش لە کاتێدایە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتۆن رایگەیاند، لە هەوڵی تەواوەتیدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی نانەوتی بۆ زیاتر لە ٢٠٪ـی تێکڕای بودجەی ساڵانەی عێراق.













گەلەری