سەردێڕ:

رێباز حەملان: هەفتەی داهاتوو تەواوکاری لیستی مووچەی مانگی دوو بڵاو دەکرێتەوە

PM:09:42:28/03/2024

1832 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەفتەی داهاتوو تەواوکاری لیستی مووچەی مانگی دوو بڵاو دەکرێتەوە. دەشڵێت،" پارەی مووچەی مانگی سێش هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو لە بەغداوە دابیندەکرێت بە شێوەی گوژمی پارە".


رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر لە پڕۆگرامی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەغدا پارەی هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی نەنارد، دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دواکەوت.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەفتەی داهاتوو تەواوکاری لیستی مووچەی مانگی دوو بڵاو دەکرێتەوە و لیستی ناوی هەموو ئەو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییانە بڵاو دەکرێتەوە کە ناویان لەم لیستەدا نەبوو کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە.

ئەوەشی خستووەتە روو، هەرێم و بەغدا بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکەن. وتیشی،" بڕیاری بە نیشتیمانی کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە مانگێک تەواو نابێت".

باسی لەوەش کرد، ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن بۆ کردنەوەی بانکێکی فیدڕاڵی لە هەرێم.

رێباز حەملان ئەوەشی خستە روو، داهاتی ناوخۆی هەرێم مانگانە ٣٠٠ بۆ ٣٢٠ ملیار دینارە و زۆرینەی لە خەرجی بەکاربردن بەکار دەهێنرێتەوە.

باسی لەوەش کرد، هەژماری من پڕۆژەیەکی ستراتیژی حکومەتی هەرێمە و بە بڕیاری هەموو لایەنەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بووە.

راشیگەیاند، مووچەی مانگی سێش هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو لەلایەن بەغداوە دابین دەکرێت لە رێگەی ناردنی گوژمی پارەوە بۆ هەرێم تا ئەو کاتەی پڕۆسەی بەنیشتیمانی کردنی مووچە و هەژماری من یەکلایی دەکرێنەوە.













گەلەری