سەردێڕ:

ئەو وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییانەی ناویان لە لیستی مووچەی مانگی دوودا نییە

PM:05:34:28/03/2024

125440 جار خوێندراوەتەوە

دواى زیاتر لە دوو هەفتە لە دەستبەسەرداگرتنى پارەکەى بەغدا لەلایەن حکومەتى کاربەڕێکەرەوە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی دووی بڵاو کردەوە، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی چەندین وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی تێدا نییە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی دووی بڵاو کردەوە و لیستەکەش ناوی چەند وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکی تێدا نییە.

هەریەکە لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان، یەکەی ٧٠ و ٨٠، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگری و فریاکەوتن، ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش ناویان لە لیستی مووچەدا نییە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی دامودەزگا نەوتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ناویان لە لیستی مووچەدا نییە.

بە گوێرەی لیستەکە، رۆژی شەممە، ٣٠ـی مانگی سێ، وەزارەتی تەندروستی، خانەنشینی شارستانی، کاروباری کۆمەڵایەتی، خاوەن پێداویستی تایبەت، دارایی و ئابووری و ناوخۆ مووچە وەردەگرن.

رۆژی یەکشەممە ٣١ـی مانگی سێ، وەزارەتی پەروەردە، داد، ئەنجومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئاینی، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێری دارایی و پلاندانان مووچە وەردەگرن.

رۆژی دووشەممە، یەکی مانگی چوار، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و رۆشنبیری و لاوان مووچە وەردەگرن.

رۆژی سێشەممە، دووی مانگی چوار، وەزارەتی کارەبا، خوێندنی باڵا، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و خانەنشینی پێشمەرگە مووچە وەردەگرن.













گەلەری