سەردێڕ:

بۆ یەکەمین جار لە عێراق پاسپۆرت بۆ ئەسپەکانی وڵاتەکەی دەردەهێنێت

PM:11:19:21/01/2024

2748 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بابل رایگەیاند، بۆ یەکەمین جار لە عێراقدا پاسپۆرت بۆ ئەسپ دەرهێنراوە لەبەر ئاسانکاری لە گواستنەوەیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و لە ئێستادا ٥٠ ئەسپ لە بابل خاوەنی پاسپۆرتن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سامر خەفاجی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای بابل رایگەیاند، لە پێناو گواستنەوەی ئەسپەکان بەشێوەیەکی ئاسان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بڕیاریانداوە بە دەرکردنی پاسپۆرت بۆ ئەو ئەسپانە و لە ئێستادا لە بابل پاسپۆرت بۆ چەند ئەسپێک دەرکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاسپۆرتی ئەسپ بە شێوازێکە کە ناوی ئەسپەکە و ناوی خاوەنی ئەسپەکەی تێدایە لەگەڵ ژمارەی ئەسپەکە و نیشانەکانی جیاکردنەوەی ئەو ئەسپەکە لە ئەسپی دیکە.

ئەوەشی خستە روو، تاوەکو ئێستا لە یەکەم هەنگاویاندا توانیویانە پاسپۆرت بۆ ٥٠ ئەسپ دەربهێنن و رادەستی خاوەنی ئەسپەکانی بکەن.

باسی لەوەش کرد، ئامانجی دەرکردنی پاسپۆرت ئەوەیە بەخێوکەرانی ئەسپ لە وڵاتانی دیکەوە بتوانن ئەسپی عەرەبیان دەستبکەوێت، چونکە ئەسپی عەرەبی دەگمەنن و جیاوازن لە جیهاندا، هەروەها لەپێناو دابین کردنی خواردن بۆ ئەو ئەسپانە، هەر بەخێوکەری ئەسپێک ناوی ئەسپەکەی تۆمار کرابێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵەوە خواردنی ئەسپەکەی دابین دەکرێت.













گەلەری