سەردێڕ:

شارەزایەکی ئابوریی هۆکاری ناسەقامگیری دۆلار ئاشکرا دەکات

PM:04:53:07/09/2023

16596 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی ئابوریی رایگەیاند، ناسەقامگیری بازرگانی بێ متمانەیی ئەمریکای بەرامبەر عێراق دروستکردوە پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری نرخی دۆلار بەردەست نییە و عێراق دەتوانێت لە رێگەی پشتیوانیکردن لە پیشەسازی ناوخۆ بۆ راکێشانی دۆلاری دەرەوە نرخی ئەو دراوە ئاسایی بکاتەوە.


مستەفا حەنتوش شارەزای ئابوری رایگەیاند، ئەمریکا لە دیدێکی ترەوە سەیری پشێوی بازرگانی عێراق لەگەڵ ئێران و سوریا و تورکیا و چین دەکات، چونکە هەندێک لە بازرگانییەکانی عێراق دەبێتە پشتیوانی بۆ ئەو وڵاتانەی دراوەکانیان داڕوخاوە وەک تمەن و لیرە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لە بازرگانییەکانی دیکەی عێراق دەبێتە هۆی شەرمەزارکردنی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆیە ئەمریکا نایەوێت بازرگانییەکانی عێراق بە یاسایی بناسێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا عێراق توانای جێبەجێکردنی ئەو چارەسەرانەی نییە کە لە سەردەمی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەکارهات، چونکە لە ئەمریکا متمانەی بە حکومەت و پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێستای عێراق نییە بۆیە چارەسەرە نێودەوڵەتییەکانی دۆلار بەردەست نین.

باسی لەوەشکرد، حکومەتی ئێستای عێراق تاڕادەیەک توانیویەتی نرخی دۆلار بپارێزێت بە شێوەیەک کە نەبێتە هۆی نیگەرانی شەقام و هاوڵاتیان، بەڵام هێشتا ئاڵنگارییەکانی پارێزگاریکردن لە نرخی دۆلار بەردەوامە و حکومەتی عێراق سورە لەسەر بەرەنگاربونەوەی و لەلایەکی دیکەوە ئەمریکاش دەیەوێت بازرگانییە ناڕونەکانی عێراق رابگرێت بۆ ئەوەی دۆلار نەگاتە دەستی کەسانی گومان لێکراو.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، بۆ ئەوەی نرخی بەرزی دۆلار چارەسەر بکرێت، لەسەر حکومەت پێویستە لە رێگەی چەند دەستپێشخەرییەکەوە پشتیوانی لە پیشەسازی ناوخۆ بکات و تاتوانای هەبێت پیشەسازی دەرەکی رەتبکاتەوە لەو کاتەدا دۆلاری عێراق لە ناوخۆدا خەرجدەکرێت و دەکرێت دۆلاری دەرەوەش بێتە عێراق و نرخی دۆلار ئاسایی دەبێتەوە.













گەلەری