سەردێڕ:

حەلبوسی: پرۆژەیاسای بودجە گرنگە و پڕۆژەی زۆری وەبەرھێنان و ستراتیجیی تێیدایە

PM:12:30:25/05/2023

2196 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی شەممەی داهاتوو ٢٧ی ئایاری ٢٠٢٣، پرۆژەیاسای بودجە ٢٠٢٣ دەخرێتە دەنگدانەوە. دەشڵێت، "پرۆژەیاساکە گرنگە و پڕۆژەی زۆری وەبەرھێنان و ستراتیژیی تێدایە".


محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، دوێنێ چوارشەممە، لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران کۆبووەتەوە و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەیە ئەمڕۆ پێنجشەممە، پرۆژەیاسای بودجە رادەستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پرۆژەیاساکە گرنگە و پڕۆژەی زۆری وەبەرھێنان و ستراتیژیی تێدایە کە لە داھاتوودا، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر رەوشی خزمەتگوزاریی دەبێت".

باسی لەوەش کردووە، لیژنەی دارایی ژمارەیەک بڕگەی لە پرۆژەیاسای بودجە تایبەت بە چاکسازیی زیاد کردووە کە دەبێتە مایەی پتەوترکردنی رۆڵی دامەزراوە گشتییەکان لە ئەنجام دانی چاکسازی دا.

رۆژی ٦ی نیسانی ٢٠٢٣ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی کرد و لە ١٣ی مانگ دا پەسەندی کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان مانگ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد.

پێشتر باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند بوو، قەبارەی بودجەی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار و کورتھێنان لە بودجەی ئەمساڵ دا دەگاتە ٦٣ تریلیۆن دینار.













گەلەری