بڕی دۆلاری فرۆشراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زیاتر لە٨٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و رێژەی فرۆشتنی ئەو دراوەش ٢.٣٧٪ بەرزبوتەوە.
بانکی ناوەندی عێراق لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بڕی ٨٦٦ ملیۆن و ٤٢٩ هەزار و ٩١٥ دۆلاری فرۆشتووە و تێکڕای رۆژانە بڕی ٢١٦ ملیۆن و ٦٠٧ هەزار و ٤٧٨ دۆلاری خستوەتەروو.
رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو،بانکی ناوەندی عێراق زۆرترین رێژەی دۆلاری خستوەتەڕوو کە بڕەکەی ٢٦١ ملیۆن
و٦٦٠ هەزار و ٥٧٣ دۆلار بووە و کەمترین بڕیش ٢٤٥ ملیۆن و ٦١٣ هەزار و ١٩٠ دۆلار
بووە.
لەو ٨٠٠ ملیۆن دۆلارە، بڕی ٦٦٠ ملیۆن و ١٧١ هەزار و ٥٢٠ دۆلاری بەشێوەی حەواڵە
و ٢٥٢ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلاریش بەشێوەی نەقد فرۆشراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر
بانکی ناوەندی عێراقدا سەپاند و بڕی خستنەڕووی دۆلار بۆ خوار ١٠٠ ملیۆن دۆلاری رۆژانە
دابەزی و بەوەش نرخی دۆلار بۆ زیاتر لە
١٧٠ هەزار دینار بەرزبووەوە.
دواتر شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی
واشنتۆنیان کرد و توانیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بگەنە رێککەوتن و لە
دوای رێککەوتنەکە رێژەی خستنەڕووی رۆژانەی بانکی ناوەندییەوە بەرزبووەوە. لەگەڵ ئەوەشدا،
تاوەکو ئێستا نرخی دۆلار لە بەرزیدا جێگیرە و بەراورد بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی
کە ١٠٠ دۆلار بە نرخی فەرمی ١٣٠ هەزار دینارە،
بەڵام لە بازاڕەکانی دراودا ١٠٠ دۆلار بە ١٥٦ هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ک – ک