سەردێڕ:

کۆشکی ئیلیزێ: بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئۆکرانیاوە؛ ماکرۆن سەردانی چین دەکات

PM:05:02:25/03/2023

2468 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی ئیلیزێ رایگەیاند، سەرۆکی فەڕەنسا لە مانگی نیساندا سەردانی چین دەکات و لەگەڵ هاوتا چینییەکەی کۆدەبێتەوە و لەبارەی دۆسییەی ستراتیجی و ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان و هاوکاریکردن بۆ رووبەرووبوونەوەی گرفتە گەورەکان و گرفتی ئابوری و جەنگی ئۆکرانیاوە گفتوگۆدەکەن.


کۆشکی کۆماری ئیلیزێی فەڕەنسا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بڕیارە لە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوودا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتە سەردانی چین بکات و لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین کۆببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەردانەکەیدا بۆ چین بڕیارە ئیمانوێل ماکرۆن گفتوگۆی چەند بابەتێک لەگەڵ شی جین پینگ بکات کە گرنگترینیان گەڕانەوەی ئاشتییە بۆ ئۆکرانیا.

لەراگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی فەڕەنسادا ئاماژەبەوەشکراوە، ئیمانوێل ماکرۆن پابەندە بە پاراستن و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چیندا.

کۆشکی کۆماری فەرەنسا باسی لەوەشکردووە، هەردوو سەرۆک بەقوڵی گفتوگۆی جەنگی ئۆکرانیا دەکەن لەپێناو ئەوەی بتوانن لەچوارچێوەی یاسایەکی نێودەوڵەتیدا جارێکی دیکە ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و سەروەری بۆ ئۆکرانیا بگەڕێننەوە.

فەڕەنسا دەیەوێت وا لەچین بکات هەوڵەکانی لەپێناو رازیکردنی پوتین و گەڕانەوەی بۆ مێزی دانوستان لەگەڵ کیێڤ بخاتەگەڕ، بەگوێرەی کۆشکی کۆماری فەڕەنسا بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت دەبن بە گرفتە نێودەوڵەتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و تەنگژەکانی دەریای هیندی و هێمن.

کۆشکی کۆماری باسی لەوەشکردووە، لەسەردانەکەی ماکرۆندا بۆ چین سێ بابەتی سەرەکی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت کە بریتین لە دۆسییەی ستراتیجی و ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان و هاوکاریکردن بۆ رووبەرووبوونەوەی گرفتە گەورەکان و گرفتی ئابوری.

هاوکات، ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەردانەکەی ماکرۆن بۆ چین کرانەوەی دەرچەیەکی نوێیە لە پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوا چین و فەرەنسا بۆ پرسە جیهانییەکان وەک گۆرانی کەشوهەوا و جۆراوجۆرێتی بایەلۆجی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، شی جین پینگ سەرۆکی چین لەم هەفتەیەدا سەردانی روسیای کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتین لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ رۆژئاوادا راگەیاند لەکاتێکدا پێشتر پەکین دەستپێشخەرییەکانی بۆ راگەیاندنی ئاشتی و کۆتایی جەنگی ئۆکرانیا خستبووە روو.

هـ - ح













گەلەری