فەرمانگەی رووداوەکتوپڕەکان و کارەساتەکانی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان لە رووداوی بومەلەرەزەکە لە تورکیا گەیشتووەتە زیاتر لە ١٨ هەزار کەس و ژمارەی بریندارانیش تا ئێستا لە ٧٤ هەزار کەس زیاترە.
ئەمڕۆ هەینی، فەرمانگەی رووداوەکتوپڕەکان و کارەساتەکانی تورکیا نوێترین ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوونی رووداوی بومەلەرزەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بە بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٨ هەزار و ٣٤٢ کەس بەرزبووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی بریندارەکانیش بۆ ٧٤ هەزار و ٢٤٢ کەس
بەرزبووەتەوە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکەی فەرمانگەی رووداوەکتوپڕەکان و کارەساتەکانی تورکیا،
دوای رووداوە کارەساتبارەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، تا ئێستا هەزار و ٥٠٩
بومەلەرزەی دیکە لە ناوچەکەی داوە و ٧٥ هەزار و ٧٨٠ کەسیشیان رزگارکردووە.
لەلایەن خۆیەوە، وەزیری ژینگەی تورکیا ئاشکرای کرد، شاری غازی عەنتاب
زۆرترین زیانی بومەلەرزەکەی بەرکەوتووە.
لەبارەی ئامارەکانی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە سوریا، روانگەی سوریا
بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیانلەدەستداوە
لەو وڵاتە بۆ چوار هەزار کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە پێنج
هەزار و ٢٤٥ کەس.
لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەمەی رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ پلەی رێختەر
چەندین ناوچەی باکور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریای هەژاند و بەهۆیەوە هەزاران
کەس گیانیان لە دەستدا و برینداربوون و نزیکەی شەش هەزار خانوو و باڵەخانە رووخان.