دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی رایگەیاند، بە توندی چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان رەتدەکاتەوە کە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف.
دەشڵێت، "ئێمە لە دەزگای دژەتیرۆر لەوە تێدەگەین خۆهەڵقورتاندنن لە کاروباری سیاسەتی دۆڕاو، بەڕێوەبردنی فاشیل و نۆکەریکردن بۆ بێگانە و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیکەی نیشتیمانی کاری بەردەوامی ئەو دەزگا هەواڵگرییە کە ئێستا و لەم ساتەوەختە هەستیارەی کە عێراقی پێداتێدەپەڕێت، دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەوان بەردەوام دەست بۆ سیناریۆ و پلانی دوژمنکارانە دەبەن."
لە راگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری یەکێتیشدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "تەواوی ئەو رووداوەی
لە رێککەوتی (٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢) لە شاری هەولێر روویداوە، بە پیلانی پاراستن
و تیمێکی دیاریکراو جێبەجێکراوە کە ماوەیەکە لەژێر چەتری بە ناو ئەنجوومەنی ئاسایشی
هەرێم لە هەولێر کاردەکەن.
دەشڵێت، "ئەو کەسانەی بە پیلان تۆمەتبارکراون ئەفسەری سەر بە ئەنجوومەنی
ئاسایشی هەرێمی کوردستانن، کە دەبوایە بۆ رێزگرتن لە ئەنجوومەنەکە، رێوشوێنی یاساییان
بگرتایە بەر نەک بە شێوەیەکی ناشایستە دەستگیریان بکەن و ئەو تۆمەتە نامرۆڤانەیان
بخەنە پاڵ."
باس لەوەشکراوە،سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی
دەزگای دژەتیرۆر رەتدەکەنەوە.
ئەوەشیان وتووە، کە داواکارن بۆ یەکلاکردنەوەی سیناریۆکە، تیمێکی پسپۆڕی
بێلایەن لە (هێزەکانی عێراق، هێزەکانی هاوپەیمانان و یەکێتی ئەوروپا) لەژێر چاودێری
پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنرێت و خاوەندارێتی دۆسییەکە بکەن و تەواوی راستییەکان بۆ
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بخەنەڕوو.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەنجومەنی
ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کوژرانی عەقید هاوکار عەبدوڵا رەسوول
ئەفسەرەکەی دژەتیرۆری ئاشکراکرد و دەڵێت، "لەلایەن دژەتیرۆری سلێمانییەوە بووە
و بە فەرمانی راستەوخۆی وەهاب هەڵەبجەیی بووە."