سەردێڕ:

سلێمان هەڵشۆیی لەکوێیە؟

AM:11:54:28/06/2022

19164 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکان لە کەسێکی نزیکی سلێمان هەڵشۆییەوە دەست ئێن ئاڕتی کەوتووە سلێمان هەڵشۆیی و چەند کەسێکی هاوەڵی لە شوێنێکن لە دەرەوەی ناوچەی پشدەر و شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان.


سەرچاوەکە دەڵێت تا کاتی دادگاییەکەی ناگەڕێتەوە پشدەر و لە شوینێکی دورتر دەمێنێتەوە.

هەر ئەمڕۆ وتەبێژی پۆلیسی راپەرین لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، سلێمان هەڵشۆیی لەناو هەرێمی کوردستاندایەو رێگەی پێنادرێت کوردستان بەجێبهێڵێت.

بەوتەی پۆلیسی راپەڕین بڕی پارەی دۆسیەکەی سلێمانی هەڵشۆیی ١٥ ملیۆن و ٢٣٠ هەزار دۆلارە و لە دۆسیەکەشدا هەزار کەس سکاڵا تۆمارکراوە.

دوێنێ دووشەممە، شۆڕش ئیسماعیل وتە بێژی پۆلیسی راپەڕین بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە دوێنێوە سلێمان هەڵشۆیی بە کەفالەتی ١٥٥ ملیۆن دینار کە لەلایەن شەش کەسەوە کەفالەت کراوە ئازاد کراوە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا، کەسێک بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی لە ناوچەی پشدەری هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، کە سەدان هەزار دۆلاریان پێداوە و ئێستا ناتوانێت بیانداتەوە.

هاوڵاتییەکان باسیان لەوەکردبوو، مامەڵەکانی سلێمان هەڵشۆیی بە جۆرێک بووە، ئۆتۆمبێل، خانوو، زێڕ، مەڕوماڵات و دەمانچە، هەرشتێک پارە بکات بۆ ماوەی دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ لە هاوڵاتییانی وەرگرتووە، بە نیوەخێر یان زیاتر بە مەرجی ئەوەی درەنگتر پارەکەی بدات، بۆ نموونە بە جۆرێک ئەگەر شتومەکێک بە ٢٠ هەزار دۆلار بووبێت، ئەو بە ٢٨ هەزار دۆلار وەریگرتووە بەو مەرجەی دوای دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ پارەکەی بدات.

لەماوەی رابردووشدا، چەندین جار هەواڵی ئازادکردنی سلێمان هەڵشۆیی بەکەفالەتی ٢٠٠ ملیۆن دینار بڵاوکرایەوە و لەلایەن خۆیەوە، شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە دوورە لە راستییەوە و سلێمان هەڵشۆیی ئازادنەکراوە.













گەلەری