سەردێڕ:

تەندروستی سلێمانی لەبارەی پەتای سكچوون و ڕشانەوەوە هۆشداری دەدات

AM:09:05:12/06/2022

19140 جار خوێندراوەتەوە

تەندروستى سلێمانى رایگەیاند، لە ماوەی ١٢ كاتژمێری ڕابردوودا ٥٠ منداڵ بەهۆی پەتای سكچوون و ڕشانەوەوە رەوانەى نەخۆشخانەکان كراون. بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، تاڕادەیەک پەتاکە لە نێوان گەورەکانیشدا بوونی هەیە.


بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، تەنها لە ماوەی١٢ كاتژمێری ڕابردوودا لە بەشی فریاكەوتنی خێرای نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێركاری، لە كۆی ٧٠ منداڵی نەخۆش ٥٠ منداڵیان بەهۆی سكچوون و ڕشانەوەوە هێنراونەتە نەخۆشخانە.

تەندروستی سلێمانی دەڵێت، بڵاوبوونەوەی پەتاکە لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلی گەرما و گۆڕانكاریی كەشوهەوایەدا سەریهەڵداوە.

لەو بارەیەشەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێركاری رایگەیاند، ٪٧٠ی ئەو منداڵانەی دەهێنرێنە نەخۆشخانەکەیان تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون و ڕێژەی تووشبوون گەیشتووەتە لوتکە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چاوگە تەندروستییەکانیشەوە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، پەتاکە لەناو گەورەکانیشدا بڵاوە و چەندین کەس بە هەمان هۆکاری توشبوون بە سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، بەڵام لەناو گەورەکاندا رشانەوەی کەمتر لەگەڵدایە یاخود لە هەندێک لە نەخۆشەکاندا لەگەڵیدا نییە.

ئەو چاوگە باسی لەوەشکرد، کە گەورەکان توانای بەرگەگرتنیان بۆ پەتاکە باشترە و هۆشیاری باشتریان هەیە بەرامبەر بە پەتاکە بەراورد بە منداڵان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ساڵانە ئەم نەخۆشییە لەناو منداڵان و گەورەکانیشدا بڵاودەبێتەوە و لە زۆرکاتدا لەکاتی گۆڕانی وەرز بۆ گەرما روودەدات، بەڵام وەک چاوگە تەندروستییەکان باسی دەکەن، ئەمساڵ ڕێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، پزیشکانیش داواى زیاترکردنى رێکارەکانى راگرتنى پاکوخاوێنى دەکەن.













گەلەری