ھاوسۆزییەك بۆ ھاندەرانی بارسێلونا

PM:10:39:09/08/2021
3600 جار خوێندراوەتەوە
بەرهەم جەلال
+ -

زۆرینە بینیومانە یان بیستومانە كاتێك ھەواڵی كتوپڕ دەدەن بە كەسێك بەوەی ئازیزێكی لە دەسـتداوە ؛ ئەو كەسە شـۆك دەبێت بەڵام دەوربەر ئارامی دەكەنەوە و پێی دەڵێن سەبر بگرە ، دۆخەكە تێ دەپەڕێت، لێت تێدەگەین ، دەزانین سەختە بەڵام چار نییە ... ھتد

كەسـی كۆستكەوتوو تا ڕادەیەك ئارام دەبێتەوە ، بەڵام پاش ئەوەی بۆنەكە تەواو دەبێت و دەوربەر چۆڵ دەبێت خێمە ھەڵدەگڕێت و ئیدی تەنیا دەمێنیێەوە كەم كەم كەسەكە ھەست بە دڵتەنگی و دڵ توندی دەكات ھەست دەكات شتێكی كەمە شتێكی ونە !

دۆخی ھاندەرانی بارسێلونا وێنەی ئەو كەسەیە كە كۆستی كەوتوە جارێ یاری و خول و پاڵەوانێتی دەستی پێ نەكردوە ، جارێ باسی ئەوە نەكراوە مێسی گەشتەوە مەشقەكان ، جارێ باسی ئەوە نەكراوە مێسی درێسی نوێ نیمایش دەكات ، مێسی ؛ بارگە و بنەی لێكنا ڕۆینێك ڕۆشت ناگەڕێتەوە ، ئیدی كاروانی بارسێلونا ناگاتە مەنزڵ وا بە ئاسانی !

كاپتنی بلاوگرانە بوو وەلێ ئێستا كەشتێكە جوان ناڕوات و شەپۆلەكان بڕستیان لێبڕاوە لە جێی خۆیان مات و بێ دەنگن وەك بڵێی ئیدی ھیچ نەماوە ڕكابەری بكەن .

پاییزی كەتەلۆنیا زووتر ھات گەڵا ڕێزانی ئەم وەرزە جیاوازترە ! ئاھـ كاپتن ئاھـ ! بۆ گریانت كردە ھاوڕێمان خۆ ئێمە ئاشقت بووین ، ئیدی چۆن ئاوازی مێسی مێسی مێسی مێسی بدەین بە كوێی دنیادا .

ئەھا مەحوی دەفەرمووێ

لە چاوانم نەما بۆ كریە نۆبەی سوجدە بەردەریە سیا ساڵم لەبارە نوێژی ئیستیسقا نەكەم چ بكەم

ئیدی كێ بڵێسەی كلاسیكۆ گڕ بدات ؟ ئیدی چ پێیەكی دیكە چاومان تێر بكات ؟ تو بی خوا ئیدی كاپتن تۆ مەڕۆ ئێمە بێ تۆیمان لێ نایەت كارێك مەكە پاییز ببێتە وەرزی ژیانـمان .

كاپتن ئێمە تێدەگەین ھەموو سەرەتایەك كۆتایی ھەیە بەڵام ئێمە نامانەوێت كۆتایی تۆ ببینین ، ئێمە لێرە بۆنی بێ نیشتیمانیمان نابوو بە تۆوە ، پێكەنینت تۆمان كردە سرودی نیشتیمانی ، درێسی تۆمان كردە ئاڵا و بەیداغی ھەرێمەكەمان .

ئیدی منداڵانی كەتەلۆنیا ناچنەوە بەر خوێندن ، مامۆستاكان وانە ناڵێنەوە ، ئەندازیارەكان نەخشە ناكێشن ، ئابوری ناسەكان ھەڵاوسیان بۆ گرنگ نییە ، پزیشكەكان واز دەھێنن لە دەرزی و دەرمان و ڕەچتە ، پارێزەرەكان واز ئەھێنن لە دۆسیەكان؛ چوونكە جەرگی نیشتیمان سوتا بە ڕۆشتنی جگەرە گۆشەكەی.

بەڕاستی كامپ نۆ شیوەن دەگڕێت دەزانێت چ شۆڕە سوارێكی مەیدانی لەدەستداوە ، ئیدی كامپ نۆ ھەست بەترسی داگیركەر دەكات چوونكە گورگ و ھەڵۆ و بازەكەی ناگەڕێتەوە .