كوردێك مۆندیالی پاڕائۆڵۆمپی بەرێوەبرد و میدیای وەرزشی كوردیش نەیزانی!

PM:08:44:21/09/2023
4148 جار خوێندراوەتەوە
زاگرۆس نانەکەلى
+ -


لە مەخمورەوە بۆ بێرمینگهام داوەرێكی پاڕائۆڵۆمپی كورد مۆندیال بەرێوەدەبات!
عەلی ئەو داوەرە كوردەی بۆ یەكەم جار مۆندیالی پاڕائۆڵۆمپی بەرێوەببات!
دیمانە ..... زاگرۆس نانەكەلی
عەلی حسین ئەحمەد ساڵی1990 شارۆچكەی مەخمور لەدایكبووە،ئەو دەرچووی كۆلیژی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سەڵاحەدینە و یاریزان و داوەر و راهێنەری یارییەكانی پاڕائۆڵۆمپی بووە،لەهەمان كاتدا وەك رۆژنامەنووسێكی وەرزشی كار و روماڵی تایبەتی وەرزشی كەم ئەندامانی دەكرد و بۆ زۆربەی زۆری رۆژنامە و ماڵپەڕەكان بابەتی بەبێ بەرانبەر بڵاودەكردەوە،چەند ساڵێك لەمەوبەر بەرەو وڵاتی بەریتانیا كۆچ دەكات  وخاوەنی چەندین بڕوانامەیەكە لە بواری وەرزشی وەك ڕاهێنەر و داوەر و شیكەرەوەی وەرزشی و بەشێك لە بڕوانامەكان نێودەوڵەتین لە ووڵاتانی ژاپۆن و ئێران بەدەستی هێناوە،لە هەمان كاتدا خاوەن چەند بڕوانامەیەكە لە بواری مێدیاییدا.
بە پێوویستم زانی دیمانەیەكی كورت وپوختی لەگەڵ سازبكەم
پ/ دەكرێ باسی مۆندیالی یارییەكانی (IBSA) 2023بێرمنگهاممان بۆبكەی؟
عەلی : بەڵێ لەم پاڵەوانیەتیە یاریەكانی تۆپی پێ ی نابینایان و تایكواندۆ وشەترەنج و یاری گۆڵ بۆڵ و بەرزكردنەوەی قورسایی و مەلەوانی و شۆ داون بەڕێوەچوو، سەرجەم ژمارەی بەشداربووانی ئەم پاڵەوانیەتیە 1200  بەشداربوو بوو و كە هەڵبژاردەی چین پلەی یەكەمی دەستەبەر كرد. 
پ/ هەڵبژاردە بەشداربووەكانی مۆندیالی پاڕائۆڵۆمپی؟
عەلی: هەڵبژاردەكان پێكهاتبوون لە (ئینگلتەرا و ئەڵمانیا و دانیمارك و برازیل و ئەرژەنتین و ئەمریكا و ئوستراڵیا و توركیا و میسڕ وئێران و كەنەدا وئیسڕائیل و یۆنان وئۆكڕانیا و چین و ژاپۆن و كۆریایی باشوور و  فیلەندا) بە تیمی كچان و كوڕان.
پ/ دیرۆكی خۆت وەك یەكەم داوەری كورد لە مۆندیالی پاڕائۆڵۆمپی بێرمینگهام؟
عەلی : من وەك یەكەم كورد و داوەری نێودەوڵەتی كورد لە جامی جیهانی یاریەكانی IBSA ی2023شاری بێرمینگهام بەشداریم كردووە كە تایبەت بوو بە یاریەكانی نابینایان و كەم بینایان،هاوكات من بەشێك بووم لە داوەرەكانی یاری گۆڵ بۆڵ توانیم بەشداربم لە بەڕێوەبردنی چەندین یاری و لەیاریەكانی پێش كۆتایی كوڕان و یاری كۆتایی كچان لە نێوان ژاپۆن و چین وەك داوەر بەشداربوون كە بۆ كورد و بۆمن دەكرێ بڵێین یەكەم جارە و مێژووێكی كەم وێنە و روونەداوە.
پ/ میدیای وەرزشی كوردی چەند لەگەڵ رووداوەكانی وەرزشی نێودەوڵەتییە؟
عەلی : خۆزگەتوانایان هەبووایە روماڵی یارییەكانی كوردستانیان بكردبوایە وقەت شەقاوی گەورەیان نەهاوێشتبوایە بۆ جیهانی،بەداخەوە بەشی زۆریان تا (فلان وفلان یانە) هەبێت وشەڕە دەنكوی لایەنگیری شرۆڤەكاران هەبێت،نازانن وەرزشی كوردی لەكوێ پەكی كەتووە،من وەك داوەرێكی نێودەوڵەتی مۆندیالی پاڕائۆڵۆمپیم بەرێوەبرد،نەك نەیانزانی،بگرە،ناشزانن،میدیای وەرزشی كوردی بەداخەوە  بێ خاوەنە و بێ بەرنامەیە و ئامانجی نیە!.
پ/ دوا پەیڤت؟
عەلی : ماوەی 12ساڵە من وەك داوەر و ڕاهێنەر و چالاكوانی ئازاد و خۆبەخش كار دەكەم لەگەڵ كەم ئەندامان و پارائۆڵۆمپی كوردستان و عێراق بەشێكی زۆری ژیانی خۆم بەخشیوەتە كەم ئەندامان و هەستێكی زۆر خۆشم بۆ دروست دەبێت كە هەر كارێك دەكەم لە گەڵ ئەم چینە وە بۆ هەمیشە بەردەوامیش دەبم تا توانام هەبێت وە ئەوەی جێگای داخە كار كردن لە كوردستان و عێراق ئاسان نیە بەهۆی نەبوونی پلانی تۆكمە بۆ چینی كەم ئەندامان ، هەست نەكردنی بە بەرپرسیاریەتی لەلایەن بەرپرسانی  حیزبی و حكومی بەرامبەر بەچینی كەم ئەندامان و ئازار دانیان بە هۆی دابین نەكردنی مافەكانیان و هەر بەو هۆیەوەش لەسەر یارمەتیدانی كەم ئەندامێك تووشی كێشە بووم لەگەڵ بەرپرسێكی حیزبی لەكوردستان،ئێستا لە ووڵاتی بەریتانیا وەك پەنابەر درێژەی بەكاری داوەری پاڕائۆڵۆمپی دەدەم وبەردەوامیشم.