گەڕانەوەی نێیمار بۆ تیپی نیشتمانی؛ کاتێک کارلۆ ئەنچیلۆتی دەکەوێتە ناو گێژاوی سیاسیی بەڕازیلەوە!

AM:11:56:20/05/2026

952 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گەڕانەوەی نێیمار بۆ تیپی نیشتمانی؛ کاتێک کارلۆ ئەنچیلۆتی دەکەوێتە ناو گێژاوی سیاسیی بەڕازیلەوە.

وەرگێران: زەردەشت شەهاب

گەڕانەوەی نێیمار دا سیلڤا بۆ ڕیزی تیپی نیشتمانیی بەڕازیل لەژێر سەرپەرشتیی ڕاهێنەری ئیتالی، کارلۆ ئەنچیلۆتی، ڕووداوێکە کە لێکەوتەکانی زۆر لە سنووری لاکێشە سەوزەکەی تۆپی پێ تێدەپەڕن. لە کاتێکدا کە وڵاتەکە کەمتر لە شەش مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2026 و لە لایەکی تریشەوە مۆندیالی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەژێر سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپ نزیک دەبێتەوە، تیپی نیشتمانیی بەڕازیل جارێکی تر بووەتەوە بە مەیدانی جەنگێکی ڕەمزی لە نێوان ناسیۆنالیزم، پۆپۆلیزم و ناسنامەی نیشتمانیدا. لە پشت ئەم لیستە 26 کەسییەی ئەنچیلۆتییەوە، وەک بڵێی کەمپینێکی هەڵبژاردنی گەورە لە ئارادایە.

تۆپی پێ لە بەڕازیل؛ ئاوێنەی ناکۆکییە قووڵەکان

لەم وڵاتەی ئەمریکای لاتین، بانگهێشتکردنی یاریزانان بۆ تیپی نیشتمانی هەرگیز بڕیارێکی تەنها وەرزشی نەبووە، بەتایبەت کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە نێیمارەوە هەبێت. سێڵیساو بۆ بەڕازیلییەکان تەنها تیپێک نییە، بەڵکو ئاوێنەی تەواوی هەست و سۆزی نەتەوەیەک و هێمایەکی سیاسیی بەهێزە.

ئەنچیلۆتی کە وەک کەسایەتییەکی جیهانیی بەڕێز و خاوەن کاریزما ناسراوە، ئێستا پێی ناوەتە ناو خاکێکی دابەشبوو؛ وڵاتێک کە تۆپی پێ تێیدا یەکێکە لە دوایین کایەکانی کۆکەرەوە یان لێکدوورخەرەوەی ملیۆنان مرۆڤ. ئەم ڕاهێنەرە ئیتالییە بە بانگهێشتکردنەوەی نێیمار، تەنها بڕیارێکی تەکنیکی نەداوە، بەڵکو بەبێ ویستی خۆی، کۆگایەکی بارووتی تەقاندووەتەوە کە پەیوەستە بە گفتوگۆیەکی قووڵ لەسەر ناسنامەی بەڕازیل و کێشی سیاسیی ئەفسانە وەرزشییەکان.

مێژوویەکی دووبارەبووەوە؛ لە جەنەڕاڵەکانەوە تا پۆپۆلیستەکان

ئەمە یەکەمجار نییە کە دەسەڵاتی سیاسی لە بەڕازیل هەوڵی بەکارهێنانی تۆپی پێ دەدات. لە سەردەمی دیکتاتۆریی سەربازیدا، کاتێک ڕژێمی جەنەڕال مێدیسی سەرکەوتنە درەوشاوەکەی مۆندیالی 1970ی مەکسیکی بۆ بەرژەوەندیی خۆی وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە بەکارهێنا، تۆپی پێ هەمیشە لە هاوسێیەتی دیواربەدیواری سیاسەتدا ژیاوە. لەو سەردەمەدا پێلێ و هاوڕێکانی کرانە هێمای بەڕازیلێکی بەهێز و یەکگرتوو، لە کاتێکدا وڵاتەکە لەژێر سەرکوتکاریی توندی سیاسیدا بوو.

ڕوانگەی شیکاروانان: ئەو بیرۆکەیەی کە تۆپی پێ دەتوانێت وەهمی یەکێتیی نیشتمانی دروست بکات، هەرگیز لەناونەچووە. هەر مۆندیالێک، چوارچێوەیەکە کە بەڕازیل خۆی تێدا پێناسە دەکاتەوە و هەر ئەستێرەیەکی گەورەش دەبێتە فیگورێکی سیاسی.

نێیمار؛ سیمبولی دابەشبوونی ڕۆشنبیریی بەڕازیل

نێیمار لە ئێستادا زۆر زیاترە لە یاریزانێکی تۆپی پێ. لەوەتەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022دا بە ئاشکرا پشتگیریی خۆی بۆ ژایر بۆڵسۆنارۆ سەرۆکی پێشووی ڕاستڕەوی توندڕەو ڕاگەیاند، درێسی ژمارە 10 بووەتە هێمای درزێکی کولتووریی قووڵ. وێنەی ئەو لە لایەن لایەنگرانی بۆڵسۆنارۆوە وەک نموونەی بەڕازیلێکی موحافیزکار، نیشتمانپەروەر و دژە چەپ نیشان دەدرێت.

خێزانی بۆڵسۆنارۆ، بەتایبەت فلاڤیۆ بۆڵسۆنارۆی کوڕی کە ئێستا ڕەوتی بۆڵسۆناریزم لە دژی چەپەکان بەڕێوەدەبات، بەردەوام درێسی زەردی تیپی نیشتمانییان وەک جلوبەرگی فەرمیی کۆبوونەوە سیاسییەکانیان بەکارهێناوە؛ تا ئەو ڕادەیەی بەشێک لە هاووڵاتیانی دژبەری ئەوان، لەبەر هۆکاری سیاسی ترسیان هەبوو لە پۆشینی درێسە زەردەکە و پەنایان دەبردە بەر درێسی دووەمی تیپەکە کە شینە.

پەرچەکرداری لۆلا؛ "کەس نابێت تەنها لەبەر ناوەکەی بانگهێشت بکرێت"

لە بەرەی بەرامبەردا، لویس ئیناسیۆ لۆلا دا سیلڤا، سەرۆک کۆماری چەپڕەوی ئێستای بەڕازیل، هەوڵێکی بێدەنگ بەڵام ڕژد دەدات بۆ گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی سیمبولی سێڵیساو بۆ لایەنی چەپ و گەل. لۆلا باش دەزانێت تۆپی پێ چی لە هۆشی بەکۆمەڵی خەڵکدا دەگوزەرێت.

لە حەفتەکانی ڕابردوودا، لۆلا بە ئاشکرا ئاماژەی بە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەنچیلۆتی کردووە و ڕایگەیاندووە کە کاتێک ڕاهێنەرە ئیتالییەکە ڕای ئەو لەسەر گەڕانەوەی نێیمار پرسیوە، ئەویش بە تانەوە وتوویەتی: هیچ کەس نابێت تەنها لەبەر ناوەکەی بانگهێشتی تیپی نیشتمانی بکرێت." ئەم ڕستەیە ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا وەرزشییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پەیامێکی سیاسیی ڕوونە بۆ ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە بە هۆکاری جیاواز نەیاری نێیمار و ڕەوتی ڕاستڕەون.

مۆندیالی ٢٠٢٦؛ تەتەرێکی جیۆپۆلیتیکی گەورە

ئەم گرژییە ناوخۆییەی بەڕازیل هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ مۆندیالی 2026، کە پێشبینی دەکرێت ببێتە سیاسیترین مۆندیال لە مێژووی هاوچەرخدا. یارییەکان لە وڵاتێک (ئەمریکا) بەڕێوەدەچن کە جارێکی تر دۆناڵد ترەمپ هاتووەتەوە سەر دەسەڵات؛ کەسێک کە هاوپەیمانی ئایدۆلۆژیی ژایر بۆڵسۆنارۆیە، لە کاتێکدا لە ئەرجەنتینیش خافیێر میلای پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕاستڕەوە پۆپۆلیستەکان بەهێزتر کردووە.

لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، مۆندیالی ٢٠٢٦ تەنها وەک پاڵەوانێتییەکی وەرزشی دەرناکەوێت، بەڵکو دەبێتە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی سێ جەمسەری سەرەکی کە تێیدا وەرزش، سیاسەت و ناسنامەی کۆمەڵایەتی بە قووڵی تێکەڵ دەبن.

لە لایەک پێگەی بەرەی ڕاستڕەو و بزووتنەوەی بۆڵسۆناریزم دەبینرێت، کە تێیدا نێیمار دا سیلڤا تەنها وەک هێرشبەر و ئەستێرەی یەکەمی تیپەکە تەماشا ناکرێت، بەڵکو گۆڕدراوە بۆ هێمایەکی کولتووری و سیاسی بۆ بەڕازیلێکی موحافیزکار و ناسیۆنالیست. بەڕێوەچوونی یارییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە لەژێر سەرکردایەتیی دۆناڵد ترەمپدایە وەک هاوپەیمانێکی ئایدۆلۆژیی نزیکی ڕەوتی ڕاستڕەوی بەڕازیل، پێگەی ڕەمزیی ئەم جەمسەرە لەناو مۆندیالەکەدا زیاتر تۆکمە دەکات.

لە بەرامبەر ئەمەشدا جەمسەری چەپڕەو و بزووتنەوەی لوولیزم دەردەکەوێت، کە تێیدا سەرۆک کۆمار لویس ئیناسیۆ لۆلا دا سیلڤا و هاوبیرانی کەمپینێکی بێدەنگ بەڵام ڕژد بەڕێوەدەبەن بۆ تەکاندنی تۆزی سیاسەتی ڕاستڕەو لە جەستەی تیپی نیشتمانی. ستراتیژیی ئەم بەرەیە ئەوەیە کە درێسە زەردەکەی سێڵیساو لەژێر قۆرخکاری و مۆنۆپۆلی سیاسیی لایەنگرانی بۆڵسۆنارۆ دەربهێنن و جارێکی تر بریقە گشتی و جەماوەرییەکەی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی بەڕازیل، بەبێ جیاوازیی ئایدۆلۆژیا بگەڕێننەوە.

لە ناوەڕاستی ئەم دوو جەمسەرە دژبەیەکەشدا، کارلۆ ئەنچیلۆتی وەک جەمسەرێکی بێلایەن وەستاوە. ئەم ڕاهێنەرە ئیتالییە وەک تەکنۆکراتێکی بیانی و خاوەن پرێستیژ کە دوورە لە ململانێ نێوخۆییەکانی بەڕازیل، هەوڵدەدات تەنها سەرنج بخاتە سەر لایەنی تەکنیکی و وەرزشیی تیپەکە، بەڵام واقیعەکە پێچەوانەیە و ئەو بەبێ ویستی خۆی کەوتووەتە ڕێک ناو جەرگەی جەنگێکی قورسی کولتووری و ناسنامەیی کە کۆنترۆڵکردنی لە دەسەڵاتی ئەودا نییە.

دەرەنجام؛ ئایا بێلایەنی مومکینە؟

ئێستا کارلۆ ئەنچیلۆتی وەک ناوبژیوانێکی دەرەکی و بێلایەن دەردەکەوێت کە ئەرکی هێورکردنەوەی ئەم دامەزراوە هەستیارەی پێسپێردراوە. بەپێی ڕاپۆرتی میدیا بەڕازیلییەکان ئەنچیلۆتی خۆی سەرسام بووە بەو قەبارە گەورەیەی هەستیاری و پەرچەکردارە سیاسییانەی کە لەسەر بڕیارەکانی هەن.