AM:12:04:08/01/2026
264 جار خوێندراوەتەوە
+
-
لیستی گرانبەهاترین
یاریزانەکانی جیهان بڵاوکرایەوە و یاماڵ یەکەمی پاراستووە و ئینگلتەراش پشکی شێری
بەرکەوتووە.
مەڵبەندی توێژینەوەی وەرزشی کە
ناوەندێکی جیهانیی باوەڕپێکراوە بۆ دیاریکردنی نرخی یاریزانان نوێترین ڕیزبەندی
خۆی بۆ 100 گرانبەهاترین یاریزانی جیهان بڵاوکردەوە و تێیدا لامین یامالی هێرشبەری
یانەی بەرشەلۆنە توانیویەتی پلەی یەکەمی بپارێزێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە نرخی یامال بە 343 ملیۆن و 100
هەزار یۆرۆ خەمڵێنراوە و هەرچەندە بەراورد بە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 بە نرخی 56
ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە بەڵام هێشتا بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش رکابەرەکانیەتی بە
جۆرێک ئیرلینگ هالاند بە 255 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی دووەم و کیلیان مباپێ بە 201
ملیۆن یۆرۆ لە پلەی سێیەم دێن.
رۆژنامەی لۆپاریزیانی فەرەنسی ئاماژەی بەوە
کردووە کە یاریزانە فەرەنسییەکان ئامادەییەکی بەهێزیان لە نێو لیستەکەدا هەیە و
دێزیرێ دووێی یاریزانی پاریس سان جێرمان بە 134 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی حەوتەمدایە و
هەریەک لە مایکل ئۆلیس و هۆگۆ ئیکیتیکی و رایان شرقی لە پێشەنگەکاندا دەبینرێن.
یانەی پاریس سان جێرمان وەک پاڵەوانی ئێستای
ئەوروپا هەژموونی خۆی بەسەر لیستەکەدا سەپاندووە و خاوەنی نۆ یاریزانە لە نێو
گرانبەهاترینەکاندا کە دیارترینیان، جواو نێڤێس و کڤاراتسخێلیا و بارکۆلان و تەنها
میسۆن گرینوودی یاریزانی مارسیلیا لە دەرەوەی یانە پاریسییەکە لە خولی فەرەنسی
ناوی لە لیستەکەدا هاتووە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکانیش ئینگلتەرا بە هەبوونی
13 یاریزان لە نێو 100 گرانبەهاترین یاریزانی جیهان لە پلەی یەکەم دێت و هەریەک لە
فەرەنسا و ئیسپانیاش بە 11 یاریزان لە پلەی دووەمدا دەبینرێن.