PM:11:30:07/01/2026
116 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئالێگری دوپاتیکردەوە دەیانەوێت لە چوار تیپی
یەکەمی خولی ئیتاڵیا بن و ستایشی کارگێڕی یانەکەشی کرد.
ماسیمیلیانۆ ئالێگری راهێنەری میلان پێش
یارییەکەی جەنەوا لە خولی ئیتاڵیا باسی لە ئامادەکارییەکانی تیپەکەی و دۆخی
یاریزانانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە جەنەوا تیپێکی بەهێزە و خاوەن یاریزانێکی
وەک لۆرێنزۆ کۆڵۆمبۆیە کە توانایەکی تەکنیکی بەرزی هەیە بۆیە پێویستە بە ڕێزەوە
ڕووبەڕوویان ببنەوە.
لە قسەکانیدا: وتی تەرکیزمان لەسەر ئەوەیە لە
چوار یانەی یەکەم بین و یانەکەش بەردەوام کار دەکات بۆ باشترکردنی داهاتووی تیپەکە
و نوێکردنەوەی گرێبەستی مایک ماینیانی گۆڵپارێز.
سەبارەت بە لوکا مۆدریچ ئالێگری ستایشی ئاستی ئەو
یاریزانەی کرد و وتی: مۆدریچ تەنها لە رووی تەکنیکییەوە سەرسامکەر نییە بەڵکو ئەو
خۆشەویستی و سادەییەی بۆ وەرزش هەیەتی نموونەیەکی باڵایە بۆ گەنجان چونکە کاتێک
پاسێکی هەڵە دەدات بە توندی لە خۆی توڕە دەبێت و داوای لێبوردن دەکات، ئەمەش
نیشانەی تەرکیزێکی زۆرە کە یاریزانی ئێستا پێویستی پێیەتی.
لەبارەی ململانێی نازناوی خولی ئیتاڵیا ئالێگری
ئاماژەی بەوە کرد کە یوڤێنتوس تیمێکی بەهێزە و شانسی زۆری هەیە بەڵام میلان دەبێت
تەنها بیر لە خۆی بکاتەوە و بە واقعبینییەوە مامەڵە بکات چونکە بردنەوەی یارییەکان
تەنها بە ناو نییە و پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون هەیە.
راهێنەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، یانەکەیان لە
بازاڕی گواستنەوەکاندا کار دەکات و ئەو متمانەی تەواوی بە کارگێڕی یانەکە هەیە و
خۆشحاڵە کە یاریزانی وەک فۆڵکرۆگ و ئێنکۆنکۆ لە پێکهاتەکەیدا دەبینێت.