سەرۆکی سانتۆس باس لە مانەوەی نەیمار دەکات

PM:11:57:04/11/2025

124 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەرۆکی سانتۆس خواستی خۆی بۆ مانەوەی نەیمار دەربڕی و داهاتووی یاریزانەکەش نادیارە.

مارسێلۆ تێکسێرای سەرۆکی یانەی سانتۆس، هیواخوازە نەیمار لەگەڵ یانەکەیان بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دوودڵە لەوبارەیەوە چونکە سانتۆس لە رووی داراییەوە سنوردارە و ناتوانن ئەو سنورە ببەزێنن.

هێرشبەرە بەڕازیلییەکە ساڵی رابردوو ریزەکانی هیلالی سعودیەی بەرەو سانتۆسی وڵاتەکەی بەجێهێشت، گرێبەستی ئێستاشی لەگەڵ یانەکەی لە کۆتایی ئەمساڵ بەسەردەچێت.

سەرۆکی سانتۆس لە نوێترین لێدوانیدا، بە پێگەی گۆڵی راگەیاندووە، یانەکەی باش دەزانێت مامەڵە لەگەڵ نەیماردا بکات، پرۆژی هێرشبەرەکە بۆ ماوەی شەش مانگ یان ساڵێک نییە و ئامانجی ئەو بەشداریکردنە لە مۆندیالی 2026.

وتیشی: پەیوەندی نێوان ئێمە و نەیمار رێکخراوە، لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵسەنگاندن بۆ لایەنی دارایی دەکەین، ئەوکاتیش بڕیار لەسەر داهاتووی هێرشبەرەکەمان دەدەین.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، نەیماری 33 ساڵان بە هیچ جۆرێک لە دۆخی دارایی یانەکە دوودڵ نییە بەڵام ئەوان سنورێکییان هەیە و ناتوانن بیبەزێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە، داهاتووی نەیمار روون نییە و باس لەوەدەکرێت لەلایەن یانەی ئینتەر میامییەوە گرنگی پێدەدرێت، لە ئەگەری جێهێشتنی سانتۆسیش روو لە خولی ئەمریکا دەکات.