دۆوێ بەباشترین یاریزانی لاوی جیهان دیاریکرا

PM:09:02:04/11/2025

108 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دێزیری دۆوێ بەباشترین یاریزانی لاوی جیهان دیاریکرا و خەڵاتی گۆڵدن بۆی پێبەخشرا.

رۆژنامەی توتۆ سپۆرتی ئیتاڵی کە ساڵانە خەڵاتی گۆڵدن بۆی بەباشترین یاریزانی لاوی جیهان دەبەخشێت، دێزیری دۆوێی هێرشبەری پاریس سان جێرمان و هەڵبژاردەی فەڕەنسای بەباشترین لاوی جیهان دیاریکرد.

لیستی کۆتایی بریتیبوون لە 25 یاریزان، یاریزانەکانیش بە دەنگی 50 رۆژنامەنووسی جیهانی هەڵدەبژێردران، کە هەر یەکەیان مافی ئەوەی هەبوو دەنگ بە پێنج یاریزان بدات.

هێرشبەرە 20 ساڵانەکە وەرزی رابردوو بەشداری لە 61 یاری کرد، تێیدا توانی 16 گۆڵ و 16 ئەسیست بکات، لەگەڵ یانەکەشی بووە پاڵەوانی چامپیۆنز لیگ و خول و جامی فەڕەنسا، هەروەها بوونە پاڵەوانی جامی سوپەری ئەوروپا و جامی سوپەری فەڕەنساش.

دۆوێ کە کێبڕکێکەی لە کوبارسی لە بەرشەلۆنە و کینان یەڵدز لە یۆڤانتۆس بردەوە، پێشتر نرخی لە بازاڕی گواستنەوە بە 30 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرا، بەڵام پاش وەرزە نایابەکەی و درەوشانەوەی لەگەڵ پاریس، لە ئێستادا نرخی بە 90 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.