ئەنچیلۆتی و سیمیۆنی پێش روبەروبوونەوەیان چییان وت؟

PM:09:46:03/03/2025

328 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەنچیلۆتی پێش روبەڕوبوونەوەی ئەتلەتیكۆ هۆشداری دایە هێڵی بەرگری و سیمیۆنیش دەڵێت ریاڵ مەدرید لە چامپیۆنز لیگ نائاساییە.

پێش روبەڕوبوونەوەی ئەتلەتیكۆ مەدرید كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید رایگەیاند، یارییەكی قورسیان لە پێشە و بێگومان ناتوانن بردنەوەیەكی یەكلاكەرەوە بەدەستبهێنن، هۆشداری دایە هێڵی بەرگری یانەكەشی سەبارەت بە یارییەكە.

باسی لەوەشكرد، ڤاڵڤێردی رۆژی پێشوو راهێنانی بە تەنیا ئەنجامداوە و پاشانیش لەگەڵ تیپەكە راهێنان دەكات، پێش یارییەكە بڕیاری كۆتایی دەدەن لەسەر یاریپێكردنی یاخود پێنەكردنی.

ئاماژەی بەوەشدا یاری دێربی هەمیشە بەهێز بووە و چ لە پاڵەوانێتییەكەی ئەوروپی یاخود لە ئیسپانیا، لەبەر ئەوەش دەزانن یارییەكی بەهێز و پڕ ركابەری چاوەڕێیانە.

لەلایەكی ترەوە دیگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئەتلەتیكۆ رایگەیاند، بە پەرۆشییەكی زۆرەوە دەچنە یاری بەرامبەر ریاڵ مەدرید و خۆشی بە جۆرێك دەست بە یارییەكە دەكات وەك بڵێی یەكەم یارییەتی لەگەڵ ئەتلەتیكۆ، لە هەوڵەكانیشی بۆ گەیاندنی یانەكە بە لوتكە بەردەوام دەبێت.

باسی لەوەشكرد، هەمیشە ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنەی وەك دوو یانەی گەورەی مێژووی تەماشاكردووە، دەزانێت یانەكەی ئەوان لە ئاستی ئەو دووانەدا نین بەڵام دڵخۆشن كە بەردەوام لە پێشكەوتندان.

سەبارەت بە ریاڵ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ وتی: هەموو تیپەکان مێژوویان هەیە و مێژووی ڕیاڵ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ نائاساییە، بە دڵنیاییەوە ئەم یارییە دەرفەتێکی نوێمان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ نووسینی چیرۆکێکی نوێ.