یوفا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید دەستپێکرد

PM:08:43:27/03/2025

18356 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی ریاڵ مەدرید بەرامبەر ئەتلەتیکۆ بە ناوەرزشی دەزانرێت و یوفا لێکۆڵینەوەی لەو بارەیەوە دەستپێکرد.

یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ناسراو بە یوفا رایگەیاند، بە گومانی پێشێلکردنی یاساکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەسەر شێوازی ئاهەنگگێڕانی یاریزانانی ریاڵ مەدرید کردووە لە یارییەکەیان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ لە قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ.

رۆژنامەی مارکا سەبارەت بەم بابەتە بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوەکە شەش یاریزان دەگرێتەوە، ئەوانیش رودیگەر و مباپێ و ڤینیسیۆس و سیبایۆس و بێلینگهام و رۆدریگۆ، بە تایبەتیش تیشک دەخرێت سەر بەرگریکارە ئەڵمانییەکە.

مارکا نوسیویەتی، رودیگەر بە پەنجەی دەستی ئاماژەی سەربڕینی دەکرد لە بەرامبەر یاریزانان و هاندەرانی رۆخیبلانکۆس، ئەم ئاهەنگگێرانەش بە ناوەرزشی لێکدراوەتەوە.

هەروەها ڤینیسیۆس هەوڵی توڕەکردنی هاندەرانی ئەتلەتیکۆی داوە بە دانانی لۆگۆی ریاڵ مەدرید کە لەسەر قەمسەڵەیەک بوو، یاریزانەکانی دیکەش تۆمەتبارن بە سەمای نا وەرزشی و سوکایەتیکردن بە هاندەران لەنێو یاریگای میترۆپۆلیتانۆ.

پێشتر لە ساڵی 2019 یوفا سزای دیگۆ سیمیۆنی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی بە بڕی 20 هەزار یۆرۆ داوە، کە ئەوکات چەند ئاماژەیەکی نا وەرزشیان بەکارهێنا لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ئەتلەتیکۆ مەدرید و یۆڤانتۆس.

ئاماژەکەی سیمیۆنی لە یاریی چوون بوو، بەڵام رۆناڵدۆ لە یاریی گەڕانەوە بە هەمان ئاماژە وەڵامی دایەوە، دوای ئەوەی هاتریکی بەرامبەر رۆخیبلانکۆس ئەنجامدا و تیپەکەی سیمیۆنی کردە دەرەوە لە چامپیۆنز لیگ.
بیلال کاکە