سەردێڕ:

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخرا

PM:02:15:23/06/2022

4792 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق هەڵگیرا و دواخرا بۆ کاتێکی نادیار.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، زیاد ئیسماعیل پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا، لە کۆی ئەو ٧٣ پەرلەمانتارە نوێیەی لە جێگرەوەی فراکسیۆنی سەدر بوونەتە ئەندام پەرلەمان، ٦٤ پەرلەمانتاریان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بوون و سوێندی یاساییان خوارد.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو کە لەسەر بنەمای رێساکانی بڕگەی یەکەمی ماددەی ٥٨ـی دەستوور و لەسەر داوای ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران، رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران ساز دەکرێت.

دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بوو بە سوێند خواردنی پەرلەمانتارە جێگرەوەکانی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر کە ژمارەیان ٧٣ پەرلەمانتار بوو.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر کە ژمارەیان ٧٣ پەرلەمانتارە، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کشانەوە و ھاوکات رۆژی ١٣ی ئەم مانگەیش سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر، ئەحمەد ئەلموتێری رایگەیاندبوو کە موقتەدا سەدر لە پڕۆسەی سیاسی کشاوەتەوە.


 













گەلەری