سەردێڕ:

نرخی دۆلار بەردەوامە لە دابەزین

PM:01:23:20/04/2024

48548 جار خوێندراوەتەوە

نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێم بەردەوامە لە دابەزین و لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٧ هەزار و ٦٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.


ئەمڕۆ شەممە، لە بازاڕەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بەرامبەرە بە ١٤٧ هەزار و ٦٥٠ دینار، کە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، نرخەکەی زیاتر لە هەزار دینار دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

دوای رێککەوتنەکانی بانکی ناوەندی لەگەڵ بانکی جەی پی مۆرگان، بانکی ناوەندی لەماوەی پێنج رۆژی هەفتەی رابردوودا بە تێکڕا زیاتر لە یەک ملیار و ٣٥٤ ملیۆن دۆلاری فرۆشتووە، لەکاتێکدا لە هەفتەکانی رابردوودا، ئاستی فرۆش زیاتر نەبووە لە ملیارێک و ٧٠ ملیۆن دۆلار.

هاوکات، ئەندامێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی جەی پی مۆرگان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر هەڵگرتنی سزای سەر پێنج بانکی عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتن و دەتوانن لەمەودوا مامەڵەی حەواڵەی دەرەکی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی و دەرەکی ئەنجام بدەن. وتیشی،" ئەو پێنج بانکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دۆلار بۆ مامەڵە داراییەکانی پەیوەست بە دۆلاری حەواڵە ئەنجام دەدەن بەوەش ئاستی فرۆش زیاتر دەبێت".

پێشتریش، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوە کردبوو، بە مەبەستی چاکسازی و پێداچوونەوە بە سزای سەر بانکە سزادراوەکاندا، لیژنەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێکهێناوە کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری ئەرێنی لە سیستمی فرۆشی بانکی ناوەندی و داهاتووی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.













گەلەری