سەردێڕ:

کۆبوونەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر کۆتایی هات؛ سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت؟

PM:01:37:27/03/2024

256212 جار خوێندراوەتەوە

دوای دوو هەفتە لە دەستگرتن بەسەر پارەی مووچەدا، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەردا بڕیاردراوە سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کۆبوونەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەسەر پرسی دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە کۆتایی هات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریانداوە سبەینێ پێنجشەممە دەست بە دابەش کردنی مووچەی مانگی شوبات دەکەن.

دەشڵێت،" وەزارەتی تەندرووستی یەکەم وەزارەت دەبێت کە مووچە وەردەگرێت".

ئەو چاوگە ئەوەشی خستە روو، بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر پرسی هەژماری من نەدراوە و لە کۆبوونەوەی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت. 

ئەمەش لە کاتێکدایە ، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەر بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، پێشبینیش دەکرێت ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی شوبات رابگەیەندرێت.













گەلەری