سەردێڕ:

دەرچووە دانەمەزراوەکان؛ قەیرانێکی مرۆیی و نەتەوەیی!

PM:03:00:26/04/2024
1104 جار خوێندراوەتەوە
خالید عەبدولکەریم
+ -

ساڵانە زیاتر لە ٧٠ هەزار خوێندکار لەزانکۆ و پەیمانگا جیاوازەکانى هەرێم دەردەچن و دەبنە هەڵگرى بڕوانامە لەپسپۆڕییە جیاجیاکان، بەشێکى کەم لەو دەرچووانە دەرفەتى خوێندنى باڵایان بۆ دەڕەخسێت، ژمارەیەکى کەمیشیان دامەزراندنى گشتى دەیانگرێتەوە بەتایبەتى بەشە پزیشکییەکان، لەوە بەدەر، بەڕێژەیەکى زۆر کەم بەپێوەرى گشتى دادەمەزرێنرێن و حزبیش ژمارەیەکیى زۆر کەمیان لێ دادەمەزرێنێت بەتایبەتى لەکاتى هەڵمەتەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن یاخود سەرهەڵدانى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندان لەناوچە جیاوازەکانى هەرێم کە پێدەچێت کە رێژەکە نەگاتە ٥%، ئەوەى دەمێنێتەوە، پەنا دەباتە بەر کارى تر کە دوورە لەپسپۆڕیەکەى خۆیەوە، ئەوەش لەکەرتى تایبەت یان بێکارى داپۆشراو لەبازاڕ و شوێنە گشتیەکان، لەماوەکانى رابردوودا چیرۆکى چەند دەرچوویەکمان بینى کە هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرن لەبازاڕەکاندا کاردەکەن یان کارى دەستگیڕى دەکەن یاخود عەرەبانەیەکیان پێیە یان ئەندازیارى نەوت و شارەزاى زمان و کیمیا و فیزیا و بیرکارى و سیاسەتە، ژمێریارە لەمۆڵێک.

دانەمەزراندنى دەرچووان لەدواى ساڵى ٢٠١٢ ـەوە بۆتە بڕیارێکى سیاسى رانەگەیەنراو بەشێوازە زانستى و پابەندبوون بەپێوەرە گشتیەکەى، لەو ساڵە بەدواوە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دەرچووى دانەمەزراو لەهەرێمى کوردستاندا هەیە، رێژەیەکى زۆر کەم کاریان بەدەستخستووە یان دامەزراون لەکەرتى گشتى و تایبەتى، جگە لەوە بێکارى ، کارى بژى و مەمرە، مانەوە لەماڵەوە، جێهێشتنى وڵات و چەندین گرفتى تر بۆتە بەشێک لەژیانى دەرچووەکان کە توێژێکى زۆریان ئافرەتانن و هەلى کاریان کەمتر بەدەستکەوتووە.

دەرچوویەکى بەشى پەرستارى پێیوتم، " لەنانەوایەک کارم دەکرد کە باشترین کاربوو لەدەڤەرى ڕاپەڕین بەدەستمبکەوێت وەکو ئافرەتێک، هێندە گرفتیان بۆ دروستدەکردم ئێستا دانیشتم لەماڵەوە پێ باشترە"، ئەمەش نمونەیەکى سادەیە کە چۆن سەختە دەرچوویەکى دانەمەزراو کارێکى دەستبکەوێت بەهۆى ئەوەى کەرتى تایبەتى نەیتوانیوە ببێتەجێگرەوەیەک بۆ کەرتى گشتى، بەتایبەتى لەو ناوچانەى کە پەراوێزخراون و هیچ کەناڵێکى گەورەى ناحکومی کاریان پێنەگەیشتووە بەتایبەتى لەدەڤەرەکانى راپەڕین و گەرمیان و هەڵەبجە و گەرچى لەسلێمانیش بێکارى و کارى داپۆشکراوى بژى و مەمرە خەریکە دەبێتە سیماى توێژەکانى ئەو شارە.

کەرتى تایبەتیش بۆ دەرچووانى دانەمەزراو بەهۆى قۆرخکردنى لەلایەن حزب و سەرمایەدار و پارەدارەکانى حزبەوە، ژینگەیەکى هێندە لەبار نیە تا دەرچوویەکى دانەمەزراو بتوانێت بەئاسانى کارێکى لەو کەرتە بۆ بڕەخسێت..! ئەوە سەربارى مەرجەکانى وەرگرتن لەکەرتى تایبەتى هێندە قورسە پێناچێت دەرچوویەکى دانەمەزراو بتوانێت بەئاسانى تێپەڕێنێت، جا لەوە گەڕێ ئەوانەى کاریان لەو کەرتە دەستدەکەوێت تاچەندە مافەکانیان بەردەستدەخرێت و مانەوەیان گەرەنتى دەکرێت.

دەرچووە دانەمەزراوەکان، کەسوکار و دۆست و هاوڕێ و هاوشار و هاوزمانەکانى خۆمانن، توێژێکى فراوانى کۆمەڵایەتى پێکدەهێنن، هەرخێزانێکى گەورە ئەندامێکى دەرچووى دانەمەزراو نەبێت زیاترى تێدایە، رێژەیەکى زۆرى ئەم توێژە بەهۆى ناسەقامگیریی ئابورییەوە نەیانتوانیووە هاوسەرگیرى پێکبهێنن، گرفت وکێشەى ئەم توێژە راستەوخۆ کاریگەرى بۆ سەر کۆمەڵگە هەیە و لێکەوتەکانیشى ڕەگدادەکوتن، ئەم توێژە تا ئێستا نەیتوانیووە ببێتە گروپێکى کاریگەرى گوشار، هاوشێوەى مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان گوتارێکى خۆى دابڕژێتەوە.

ناو بەناو لەململانێى نێوان حزبەکان یاخود لەنێو خودى حزبە دەسەڵاتدارەکاندا، کاتێک کەسێک سەنگەرى حزبایەتى دەگوازێتەوە و بەوە ڕاهاتووە ئیمتیاز و پۆست و پارەى بخرێتە بەردەست، فەوجێکى چەکدارى بۆ دروستدەکرێت، جاروبار دەرچووە دانەمەزراوەکان پەنایان بردۆتە بەر ئەو جۆرە دامەزراندنە لەکەرتى سەربازى تەنانەت ئەوەشیان بەشێوە زانستیەکەى پێڕەوا نەبینراوە.

دەرچووە دانەمەزراوەکان، سامانێکى نەتەوەیین، خاوەن هێز و باز و ئەندێشە و وزەى سودبەخشن لەبوارە جیاجیاکاندا، بەهۆى ئەوەى بازاڕى نیشتیمانى و کارگەى نیشتیمانى و کشتوکاڵى نیشتیمانى و بازرگانى نیشتیمانی و کەناڵى میدیاى نیشتیمان نیە، دەستکەوتنى کار بۆ ئەو توێژە هێندەى تر قورسبووە، دابینکردنى خەرجى دەرچووە دانەمەزراوەکان بەزۆرى دەکەوێتە سەر شانى خێزانەکانیان، لەمساڵانەى دواییدا ژمارەیەکى زۆرى دەرچووە دانەمەزراوەکان چەندین جموجۆڵ و ناڕەزایەتیان بۆ دامەزراندن ئەنجامداوە وەکخۆیان دەڵێن، کەڵێکى ئەوتۆى لێنەکەوتۆتەوە، لەدواى چارەسەرکردنى کێشەى موچەى مامۆستایان و بردنى دۆسیەى وانەبێژان بۆ فیدراڵ، خواستێک لەلاى ئەم توێژە دروستبووە دۆسیەى ئەمانیش ببرێتە بەغداو بەکراوەیى بمێنێتەوە بەئومێدى ئەوەى لەداهاتوویەکى نزیک لەهەرێم سیستمى حکومڕانى گۆڕانکارى بەسەردا هات، دۆسیەى دەرچووە دانەمەزراوەکان هەڵبدرێتەوە.

ئەوەى ڕەخنەیە لەسەر ئەو توێژە، لەکوێن و بۆچى گروپى کۆمەڵایەتى و گوشار دروستناکەن و گوزارشت لەداواکەیان ناکەن..؟ بۆچى لەسەر پرسەکەى خۆیان یەکگرتوو نین و پەرتەوازەن و کاتێک بۆ دەردەشەى حاڵى خۆیان تەرخانناکەن..؟ بۆچى کەمترین وجودیان هەیە لەو گروپە کۆمەڵایەتیانەى کە نزیکن لەخواستەکانى ئەوانەوە..؟ دەرچووە دانەمەزراوەکان بەتەمایى چین ...؟

گەلەری