ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزارەتی دارایی ئامادەکاریی دەکات بۆ دابینکردنى خەرجی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێم. دەشڵێت، " حکومەت بڕیاریداوە هەفتەى داهاتوو خشتەى بودجە رەوانەى پەرلەمان بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەری و یەکلاکردنەوەى سەرجەم خاڵەکان و بڕگەکانی کە شیاوی هەموارکردنەوەن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، موعین کازمی ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیژنەیەکی تایبەت لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە خشتەی خەرجی و داهاتی بودجەى ٢٠٢٤ـدا سەردانی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن.
ئاماژەی
بەوەش کرد، بە گوێرەی پلانەداراییەکان پێویستە لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا بە تەواوی
حکومەت پشتگیرى دارایی و چاکسازی پێشکەش بە کەرتى تایبەت و کەرتى کشتوکاڵی ناوخۆیی
و دەرەکی بکات، لە هەمان کاتیشدا سەرچاوەی خەرجی و داهاتەکانى بودجەى ئەمساڵیش دەستنیشان
بکرێت.
باسی لەوەش
کرد، سەرجەم داهاتە نەوتییەکانی عێراق بە گوێرەی رێککەوتنەکانی نێوان وەزارەتی
دارایی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەچێتە بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا و بەشێوەى حەواڵە
بە رێژەیەکی دیاریکراوی مانگانە لەرێگای هەژماری بانکیی تایبەت بە بانکی ناوەندی عێراق
رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێتەوە. وتیشی، "حکومەت هەوڵی تەواوەتی داوە
بۆ پارێزگاری کردن لە سەرچاوەکانی داهات و خەرجی کە پەیوەستن بە دابینکردنی مووچەی
مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە،
دادگاى فیدڕاڵى بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغدا بە
بڕیارێک هەریەک لە عێراق و حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمی پابەندکردووە بە چارەسەرکردن
و جیاکردنەوەی کێشەی مووچە لە پابەندییەکانی هەرێم و داهاتی ناوخۆ.
لەلایەکى
دیکەوە، یەکێک لە ئاستەنگەکانى بەردەم دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم بریتییە
لە پێداچوونەوە و دووبارە خوێندنەوە بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت و گرێبەستەکانی
هەرێم بە گوێرەی بودجەی سێ ساڵە کە بووەتە گرفتی سەرەکی نێوان بەغدا و هەرێم و بەتایبەتیش
قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکانی هەرێم .
هێڤیدار شەعبان - دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی