ئامانجی میلان چییە لە هاویندا؟

PM:01:36:16/03/2026

120 جار خوێندراوەتەوە

+ -

میلان لە هاویندا ئامانجی گواستنەوەی مۆیس کین و درێژکردنەوەی گرێبەستی لوکا مۆدریچە.

بەرپرسانی یانەی ئەی سی میلانی لە ئێستاوە پلانەکانیان بۆ مێرکاتۆی هاوینی 2026 داڕشتووە و دەیانەوێت هێڵی هێرشبەری تیپەکەیان بە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی نێوخۆیی خولی ئیتاڵی بەهێزتر بکەن.

ئیجلی تاری، بەڕێوەبەری وەرزشی ڕۆسۆنێری لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دەنگۆکانی گواستنەوە ڕایگەیاند: لە ئێستادا قسەکردن لەسەر کڕینی یاریزان بێسوودە، دەبێت تەنها جەخت لەسەر یارییەکانی داهاتوو بکەنەوە چونکە ڕکابەرییەکان پڕن لە سوپرایز.

سەرەڕای ئەم لێدوانەی تاری، سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ماسیمیلیانو ئەلێگری، ڕاهێنەری میلان، داوای گواستنەوەی مۆیس کین، هێرشبەری تەمەن 26 ساڵانی یانەی فیۆرێنتینای کردووە.

کین کە پێشتر لەژێر دەستی ئەلێگری لە یوڤێنتوس یاری کردووە، لەم وەرزەدا لە 30 یارییدا نۆ گۆڵ و چوار ئەسیستی بۆ ڤیۆلا تۆمارکردووە.

هەرچەندە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کین 62 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام کارگێڕی میلان هیواخوازن لە ڕێگەی گفتوگۆوە ئەو نرخە کەم بکەنەوە و لەگەڵیدا بگەنە رێککەوتن.

لە لایەکی دیکەوە، تاری ئاماژەی بەوە کرد کە دەرگا کراوەیە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لوکا مۆدریچ بۆ وەرزێکی دیکە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای یاریزانە کرواتییەکە خۆیەتی.